کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران ١٦٠ پارێزەر داوای سزادانی بەرپرسانی کوشتنی خۆپێشاندەران دەکەن

16:34 - 19 سەرماوەز 2719

لە ئێران ١٦٠ پارێزەری ئێرانی داوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لە کەسانی سەرەکیی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە خۆپێشاندانەکان دەکەن. ١٦٠ پارێزەری ئێرانی بە ناردنی نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ سەرۆک کۆماری ئێران، کردار و وتاری ناوبراویان بە هۆکاری سەرەکیی زەربە لێدان لە جێگە و پێگەی سەرۆک کۆماریی ئێران ناو برد. هەروەها هاوکات لەگەڵ مەحکووم کردنی سەرکوتی خۆپێشاندانەکان، ناڕەزایەتیی خۆیانیان بە دۆخی ئێستا دەربڕی و داوایان لە سەرۆک کۆماری ئێران کرد تاکوو رادەی قوربانیان و دەسبەسەر کراوان و هەروەها بریندارانی خۆپێشاندانەکان ڕابگەیێنن و بەدواداچوونی بۆ بکەن و ئەو بەرپرسانەی کە لە کوشتنی خەڵکدا دەستیان هەبووە، سزا بدرێن. پارێزەرانی واژۆکەری ئەو نامەیە لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان، ئامادەیی خۆیان بۆ ناوەندە قەزاییەکان و پێداگری لە بنەماڵەی قوربانیان دەربڕیوە. هەروەها، ئەرک و کاری پێوەندیدار بە سەرۆک کۆماریی ئێرانیان وەبیری حەسەن ڕووحانی هێنایەوە و بۆ جارێکی دیکە ئەوەیان وەبیری ناوبراو هێنایەوە کە دەبێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکرێ بۆ قوربانیان و ئەو کەسانەی کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. نووسەرانی ئەو نامەیە لەگەڵ ئاماژە بەوەیکە هێشتا ئامارێکی درووست لە ڕادەی قوربانیانی وڵات لەبەر دەستدا نییە، ڕایانگەیاند کە لەگەڵ ئەوەیکە یاسای ٩ـی بنەڕەتیی وڵات لەبەرچاو نەگیرا، بنەماکانی شارۆمەندی و مافی شارۆمەند نەپارێزراوە، لە کاتی قەیرانی گشتیدا دەستی بەرپرسانی وڵات ئاواڵە بوو بۆ داخستنی ئینتەرنێت و نەیانهێشت هیچ زانیارییەک بە دەست خەڵک بگات. شایانی باسە کە ئەو دەستەیە لە پارێزەران، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئێستا هەزاران بنەماڵە بەدوای ئەندامێکی بنەماڵەکەیاندا لە دەرگای دەیان بەندیخانە و دادگا دەدەن و هیچ هەواڵێکیان دەست ناکەوی. سەرۆک کۆماری ئێران دەبێ وەڵامدەری پرسیاری بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان بێ.