کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

26ی سەرماوەز و زەبری بەهێزی هێزی شاهۆ

21:32 - 1 بەفرانبار 2719

هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات وەک نەریتێک ڕۆژە مێژووییەکانی حیزبەکەیان بە زەبرلێدان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز و پیرۆز ڕادەگرت. بۆیە بە نزیکبوونەوە لە ڕۆژەکانی ٢٥ی گەلاوێژ _ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب_ و ٢٦ی سەرماوەز _ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان_ هێزەکان زیاتر وەخۆ دەکەوتن، بە جۆرێک کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە کێبەرکێی عەمەلیات و زەبر وەشاندن لە دوژمن دروست دەبوو. ئەو دیاردەیە لە دوای دیاریکردنی ڕۆژی پێشمەرگە لە ساڵی ١٣٦٣ زیاتر خۆی نیشان دا. لەم ژمارەی کوردستاندا یەکێک لەو زەبرە کاریگەر و دوژمن‌شکێنانەی هێزی شاهۆ لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٤ دەنووسینەوە. بۆ پێکانی ئەمانجی هەڵسەنگێندراو دەستەیەک لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی شاهۆ بۆ وەشاندنی گورزی خۆیان گەڵاڵەیەکی ڕێکوپێک دادەڕێژن. دوای تەواو بوونی کاری شناسایی فەرماندەی بەتوانا سەید فەرەج حوسێنی لەگەڵ ٧ کەس لە کوڕانی ماندوویی‌نەناس، لەوانە سێ دانە لە ئازاترین پێشمەرگەکانی لکی شەهید "نادر" بە ناوەکانی شەهیدان ئەنوەر دەرەویانی، قادر وەلەدبەیگی و عەزیز سەلیمی بۆ ڕۆژی دیاریکراو ئامادە دەکا و، ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز لە بنکەی خۆیانەوە سەردەکەون و بەدیوی "گاکوژە"دا بۆ سەر ئاوی سیروان شۆڕ دەبنەوە. هێزی دوژمن یەکێک لە ناخۆشترین ڕێگاکانی ئەو ناوچەیەی بە مین تەنیبوو و ئەمەش ببووە هۆی پتر ئاستەنگ کردنی پێشڕەویی هێزی پێشمەرگە. ڕۆڵە قارەمانەکانی گەل کە لەمێژ بوو لەو مەیدانەدا بار هاتبوون، زۆر زیرەکانە لە تاریکیی شەو کەلک وەردەگرن و لە مەیدانی مین و جادەی "دوواو_مەڕەخێڵ" دەپەڕنەوە و لە بەرزاییەکانی زاڵ بەسەر جادەی دوواو_ پاوەدا و لە نزیک تۆنێلی "دەرەویوەر" کە شوێنی مەبەستی عەمەلیات بوو، خۆیان حەشار دەەن. شوێنی دیاریکراو یەکێک لە ئەستەمترین شوێنەکانی ناوچەی هەورامانە، کە لە نێوان قووڵایی دوو چیای سەخت و گەردەنکەشی "نانەوێژە" و "کەلەقەند"دا هەڵکەوتوە. جادەیەکی باریک و تەسک لە لای نانەوێژەوە لە قەد شاخەکە هەڵکەندراوە و، چۆمی پاوە لەنێو ئەم قووڵاییە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا لەژێر جادەکەوە بەرەوخوار دەبێتەوە و چەند سەد میترێک خوارتر تێکەڵ بە ئاوی سیروان دەبێتەوە. بەو پێیە دەردەکەوێ تەنیا ڕێگای هاتوچۆی بەری "نانەوێژە"، جادەکەیە و بەری جادە و پشتی جادە هەڵدێر و چڕ و سەختاییە. بەری "کەلەقەند"یش کە ڕێگای چوونە خوارەوەی پێشمەرگەکان بۆ شوێنی عەمەلیات بوو، جێگایەکی زۆر هەڵدێر و تووشە، بە جۆرێک هەر شتێک بەر بێتەوە هەتا نێو چۆمەکە ناوەستێ. هەر لەو کاتەشدا چوونە خوارەوەی پێشمەرگەکان بۆ سەر جادە بە ڕووناکایی نەدەکرا، بۆیە کوڕەکان لەگەڵ تاریک داهاتنی هەوا لەژێر ڕێنوێنیی فەرماندەکەیان بەرەو خوار داکشان و، پاش پەڕینەوە لە ئاوایی پاوە بۆ لە داوخستنی هێزەکانی ڕێژیم خۆیان مات دا. هەتا دەمەو بەیانی بێجگە لە چەند ماشێنێکی خەڵکی کەس لە هاتوچۆدا نەبوو. فەرماندەی پێشمەرگەکان کاتێک دەزانێ لە کەمینی شەو هیچی دەست ناکەوێ بڕیار دەدا جێ بگۆڕن و لەو ٧ کەسە ٥ کەس لە نزیک جادە لە داوێنی کەلەقەندیدا و دوو کەسەکەی تریش لە بەرزاییەکان بۆ پشتیوانی لەوان بمێننەوە. ئەو کات رێژیم ئوتومبیلی نەیسان پاتڕۆڵی بۆ بەرپرسانی سپا لە کوردستان دابین کردبوو. دوانیوەڕۆ نەیسانێک لە تۆنێلەوە دەردەکەوێ کە لێی بەشک دەبن نەکا ماشێنی شەخسی بێ. پاش ماوەیەکی کورت ٥ ئوتومبیلی تر لەو مۆدێلە لە تونێلەکەوە سەر دەردێنن. پێشمەرگەکان بەبێ هیچ دوودڵییەک لەگەڵ نزیکبوونەوەی ماشێنەکان ئازایانە دەیاندەنە بەر دەستڕێژ. دوو لە ماشێنەکان لە جادەوە بۆ نێو ئاو خلۆر دەبنەوە و سێ دانەکەی دیکەش بە ئاوری پێشمەرگەکان تێک دەشکێن. لەم عەمەلیاتەدا زەبرێکی کاریگەر لە هێزی دوژمن درا و دەیان کەسیان لێ کوژرا و ٥ ماشێنیان تەفروتوونا بوون. ئەو هەڵمەتە شۆڕشگێڕانە هێندە لە نەکاو و چاوەڕواننەکراو بوو، کە هێزەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیەی بەتەواوی تاساند و نەیانتوانی هیچ دژکردەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن. هەرچەند هێزێکی جاشی ڕێژیم کە تەئمینی جادەی هەتا نزیک دەرەویانیان لە ئەستۆ بوو بەرەو شوێنی ڕووداوەکە وەجووڵە کەوتبوون، بەڵام ئەوانیش کەوتنە بەر دەستڕێژی دوو قارەمانەکەی سەر بەرزاییەکە و ئەوانیش ژمارەیەکیان لێ دەکوژرێ و بریندار دەبن. لەو عەمەلیاتەدا نوێنەری خومەینی بە ناوی "مووسەوی" لەگەڵ دوو ئاخوندی دیکە و چەند فەرماندەی سپا لەنێو کوژراوەکاندا بوون. ئەوان نێردرابوونە بەرەی شەڕ بۆ سەردانی هێزەکانیان لە نەوسوود کە بۆ چەند ساڵێک دەبوو زەبوونی دەستی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ ببوون و، جووڵەیان لێ بڕابوو. دیارە هەر ئێوارێی ئەو ڕۆژە ڕادیۆ بی‌بی‌سی هەواڵی کوژرانی نوێنەری خومەینی و چەند فەرماندەیەکی سپای بەدەستی تێکۆشەرانی دێموکرات بڵاو کردەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند بابەتێک بکرێ، کە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شوێنێک عەمەلیاتیان بەڕێوە برد کە هێچکات دوژمن چاوەڕوانی لێ نەدەکرد و وەک شوێنێکی ئەمن چاوی لێ دەکرد و بە دەیان پایەگا و تەئمینی سەر جادەی لێ دانابوو. لەوە گرینگتر تەنیا ٧ پێشمەرگەی قارەمان لە وەها ڕۆژێکی سەرما و سەخڵەتدا چەندین شوێنی دژوار ببڕی و بتوانی لەنێو جەرگەی دوژمن بەو ئەژمارە کەمەوە زەبری کوشەندەی وەهای لێ بدەی، ئەوە بێجگە لە ئیرادەی کوڕانی دێموکرات نەبوایە چ شتێک دەیتوانی ئەو هەڵمەتە قارەمانانەیە بەڕێوە بەرێ. لە هەموو گرینگتر زەبری ئاوا بەژان لە دوژمن و دواتر ساغ و سڵامەتیی پێشمەرگەکان ئەوەندەی دیکە تارانی لەرزاند.