کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە پارێزەری هێما پیرۆزەکان

21:35 - 1 بەفرانبار 2719

ڕوونە لە مێژووی کۆنەوە خێڵ و عەشیرەتە جیاجیاکان و تەنانەت ئایین و ئایینزاکانیش بۆ پێناسەی خۆیان و هەروەها بۆ جیاکردنەوەی خەڵکێک بە تایبەتمەندیی وەکوو یەک لە خەڵکێکی دی بە خەسڵەتی جیاوازەوە پێویستییان بە هێماگەلێک بووە بۆ پێناسەی خۆیان و هەرکامەیان بەتایبەتمەندیی خۆیەوە هەوڵیان داوە بە شێوەیەک خۆیان وکۆمەڵگەکەیان بناسێنن، کە "ئاڵا" یەک لەوان بووە. لە سەدەی ١٦ی زایینییەوە کە دەوڵەت_نەتەوەکان دروست بوون و وڵاتەکان بە پێوەری نەتەوە و زمان دابەش کران، باسی ئاڵا زۆرتر ورووژێنرا و، نەتەوەکان هەوڵیان دا کە ئاڵای وڵاتەکەیان بکەن بە یەک ئاڵا کە هێمای نەتەوەیی پێوە دیار بێ. بەدوای ئەمەدا ئەم نەتەوە و وڵاتانە بە شێوەیەکی زانستی و بەپێی ئەو پیوەرگەلەی کە خۆیان مەبەستیانە لە وڵاتەکەیاندا زۆرتر بەرچاوبێ و بەوانەوە بیانناسن ئاڵاکانیان سەرلەنوی داڕشتەوە. بەڵام بە هۆکارگەلی جیاجیا و لەوانە شەڕ و شکان و سەرکەوتنەکان و داگیرکردنی وڵاتان لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە بەردەوامی گۆڕانکاری بەسەر ئاڵاکاندا هاتوە. لەم سەردەمەشدا هەر حیزب و ڕێکخراو و کۆمەڵەی فەرهەنگی، وەرزشی و بازرگانی و هتد... ئاڵای خۆیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر ئاڵایەکی گشتیی وڵاتەکەیاندا کۆ دەبنەوە کە پێناسەی هەموویان دەکا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دامەزرا ئاڵای وەکوو پێناسە و هێمای گەل و وڵات و دەوڵەت پێناسە کرد. کوردیش سەرەڕای هەموو هێرش و داگیرکارییەک کە لە سەری بووە، لە قۆناغگەلی جیاجیادا ئاڵای خۆی هەبووە کە دیارە پێشتر زیاتر خێڵ و ناوچە و ئایین و ئایینزا دەوریان لە چەندی و چۆنییەکەیدا بووە، جگە لە ئاڵای سەردەمی شێخ مەحموود و ڕاپەڕینی قۆچگیری باکووری کوردستان، ئاڵای میرنشینەکانی کوردستان و ئاڵای زەندییە و هتد... لە ساڵی ١٩١٩ یەکەم ئاڵا کە بە ناوی کوردستانەوە هەڵ کرا لە لایەن کوردەکانی باکوورەوە بوو کە هەر هەمان سێ ڕەنگی ئێستای ئاڵای کوردستانی تێدا بەکارهاتبوو. ئەم ئاڵایە کە بە یەکەم ئاڵای کوردستان ناسراوە، ژمارەیەک ڕووناکبیر و نووسەری کورد لە ئیستانبووڵ دایانڕشتوە و دواتر کۆماری کوردستان ئالایەکی تایبەتی بە ناوی کوردستانەوە نەخشاند. ئەوەش کە ئێستا وەکوو ئاڵای کوردستان هەیە، سەرەڕای نەبوونی دەوڵەتی کوردی زۆربەی وڵاتان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دانیان پێداناوە. لە لایەکی دیکەوە مێژووی هەرگەلێک پڕاوپڕە لە کەوتن و هەستان، بەزین و بەزاندن، شکان و سەرکەوتن و ڕووداوگەلی جۆراوجۆری تاڵ و شیرین کە هەندێکیان قەد لە بیر ناچنەوە و دەبنە سیمبول، نیشانە، هێما و شانازی و؛ تێکەڵ بە بیروباوەڕ و ژیانی کۆمەڵگەیەک دەبن و ساڵانە یادی ئەو ڕووداوە و مێژووەکەی بەرز ڕادەگرن. هەروەها ئەو یادە دەبیتە ئامیانی مانەوەی ئەو بیرە لە مێشک و دڵیاندا و، تەنانەت تێکەڵ بە پێست و ئێسقانیان دەبێ و هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. مێژووی ئێمەی کوردیش بێبەش نییە لەو ڕووداوگەلە و یەکیان ڕۆژێکە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباددا دەگەڕێتەوە و ئێستا ئێمە بە ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان دەیناسین، ئەویش ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوییە. ئەم هێما و سیمبولانە بەرهەمی بیری سیاسیی پێشکەوتوو وسەردەمیانەی نەمر پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان بوو کە لەو ماوە کورتەی دەسەڵاتدارەتیدا هێماگەلێکی بۆ جێهێشتین کە دوای ٧٤ ساڵ هێشتا نەک هەر کاڵ نەبوونەوە و لەبیرنەکراون؛ بەڵکوو بوونەتە ڕەمز و هێمایەکی بەرچاو و دیار لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا . ناوی پێشمەرگەی کوردستان لە تەنیشت سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" کە ئەویش بەرهەمی دەسەڵاتدارەتیی کورد لەسەردەمی کۆماری کوردستانە، بۆتە سیمولی خۆڕاگری و ناوێکی تۆقێنەرە لە بەرانبەر داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەماندا و لە لایەکی دیکەشەوە بۆتە پاڵپشت و جێگای هیوا و هومیدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. لەوەش زیاتر بۆتە وێردی سەرزمانی خەڵکی دنیا و بە قارەمان و مرۆڤێکی تێکۆشەر و مافخواز ناسراوە. ئەوەیکە جێگای سەرنج و تێڕامانە بیروهزری ئەوکاتی پێشەوا و هەروەها مانەوەی هێماکانی وەکوو ئاڵا و سروودی ئەی ڕەقیب لەسەردەست و بە گیانبازی و قوربانیدانی پێشمەرگە ماوەتەوە و گەورەیی پێشمەرگەیە و ئەو پێناسەیەی کە لە مرۆڤێکی ئازادیخواز و خۆڕاگر بەناوی پێشمەرگە کراوە و ئیستاش گەورەتر و بەڕێزتر و قارەمانتر لە جاران لە مەیدانە جیاجیاکانی خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و بەرگریشدا خاوەنی پلە و پایەیەکی بەرز و باوەڕپێکراوە وەکوو کاریگەرترین ئەکتەری بەرگری و خەبات دژی نامرۆڤانەترین و دڕندانەترین دەسەڵاتەکانی سەردەم، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاوەستاوە و تاکە هێزی ڕزگاریدەری گەلەکەمانە. پێشمەرگە مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست و بە بیر و باوەڕە کە لە هەموو خۆشی و حەزەکانی ژیانی خۆی دەستی کێشاوە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ڕزگاری گەلەکەی لە ژێر دەستی داگیرکەراندا و بە گیانی خۆی و بە چەکی بیروباوەڕ بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی دەکا و، لە نێو کورد و تەنانەت دنیاشدا بۆتە یەکێک لە پاکترین و بەهێزترین و مرۆڤانەترین هێزی خەباتکار؛ لە بەرانبەریشیدا هێزێکی تێرۆریستی وەکوو سپای پاسداران هەیە کە هەموو دونیا بە مرۆڤکوژ و بێبەزەیی و دواکەوتوو دەیناسن، کەواتە هەموو ڕۆژێک لەم وڵاتەدا ڕۆژی پێشمەرگەیە.