کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەختی لەرزۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق

21:47 - 1 بەفرانبار 2719

کەریم فەرخەپوور لە مێژووی یەک سەدەی ڕابردوودا هاوسنووری و هاوسێیەتی دوو وڵات و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران و عێراق هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی جۆری دەسەڵاتەکان و ڕۆڵ و نەخشی حاکمانی ئەو دوو وڵاتە ئاڵوگۆڕی تێدا پێک هاتوە. هاوسنووربوون یا کێشەی سنوور لەنیوان دوو دەوڵەتی ئێران و عێراق هەمیشە جێگەی مشتومڕی حاکمانی ئەو دوو وڵاتە بووە و ئەم بابەتە هەتا ئێستاش یەکلایی نەبۆتەوە. ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە سەر مێژووی دوورودرێژی نێوان عەڕەب و عەجەم، کێشەی ئەو دوو وڵاتە لە چەند دەیەی ڕابردوودا تەنانەت لەسەر ناوی کەنداوی فارس یان عەڕەب هەر بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و دەسەڵاتی ئێران بەسەر چەند دووڕگەیەکیش لەو ناوچەیە هەروا مشتومڕی لەسەرە. ئەم ناکۆکییە دوورودرێژانە لە دەیەی حەفتای زایینی و لە پەیمانی شوومی ئەلجەزایردا بۆ ماوەیەک وەلا نرا و دەوڵەتی عێراق بۆ تواندنەوەی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان ئامادە بوو "شط العرب" (ئەروەند روود) ڕادەستی دەوڵەتی حەمەڕەزا شای پەهلەوی بکا و لەبەرابەردا حەمەڕەزا شا واز لە پشتیوانیی کوردەکان بێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەتی ئەو کاتی عێراق ئەو پەیمانەی ئیمزا کرد، بەڵام چاوی تەماحی بەیەکجاری لێ نەنووقاندبوو. ئەوە بوو کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق لەبەردەم کامێرای تەلەڤزیۆنەکان پەیماننامەی جەزایری دڕاند و هێرشی کردە سەر ئێران و ویستی لە بۆشایی دەسەڵات لە ئێران کەلک وەربگرێ، تۆڵەی داشکاندنەکەی لە پەیمانی ئەلجەزایردا بکاتەوە و لەو دەرفەت کەلک وەربگرێ و بارودۆخەکە بە قازانجی خۆی بگۆڕێ. لێرەوە دژمنایەتی و شەڕی دوو دەوڵەتی هاوسێ و هاوسنوور دەست پێدەکاتەوە و ئەوەش ڕێگە خۆشدەکا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێکشکاندنی دژمنەکەی، لە دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لەنێوخۆی ئەو وڵاتە کەڵک وەرگرێ و پێچەوانەکەشی هەر بەو شێوەیە بوو. باشترین ڕێگە و باشترین لایەن بۆ دژایەتی سەدام حوسێن، هاوکاری و ڕێکخستنی شیعەکانی عێراق بوو. لە لایەکەوە دەوڵەتی سوننە مەزهەبی عێراق بەهۆی سەرکوتی شیعەکانەوە لەنێو شیعەکانی ئەم وڵاتەدا حکوومەتێکی بێزراو بوو و لە لایەکی دیکەوە هاومەزهەب‌بوون لەگەڵ حکوومەتی شیعەی ئێران بەستێنێکی باشی ڕەخساندبوو کە کۆماری ئیسلامی بتوانێ سەرنجی شیعەکانی عێڕاق بۆلای خۆی و بۆ دژایەتی حکوومەتی ئەم وڵاتە رابکێشێ. بۆیە لەوبارەوە کەوتە جێبەجێکردنی پلانێکی ورد و درێژخایەن و ئیمکاناتێکی زۆریشی بۆ تەرخان کرد. ڕێکخستن و سازماندانی شیعەکانی عێراق و پێکهێنانی سپای بەدر سەرەتای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئێران بوو لە وڵاتی عێراق و لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش دەستێوەردانەکان بە ئاشکرا و بەنهێنی بەردەوامن. دوای ڕووخانی حکوومەتی عێراق بەدوای هێریشی سەربازیی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، کۆماری ئیسلامی هەم یەکێک لە دژمنە سەرسەختەکانی بۆ لادرا و هەم ڕێگەی بۆ کرایەوە تا بەئەرخەیانی پێگەی خۆی لە عێراقدا قایم بکا. زۆرایەتیی شیعە مەزهەبەکان لە عێراق، شانسێکی گەورە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی تا بتوانێ سووکباڵ دەست لە کاروباری ئەو وڵاتە وەربدا. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی میلیشیا دەسکردەکانی خۆی و پێکهێنانی چەند گرووپیکی دیکەی شیعە توانی جی‌پێی خۆی بەرینتر بکاتەوە و بەهۆی پێوەندی نزیکی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی دژبەری حکوومەتی سەددام حوسێن توانی لە ناوندی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا ڕۆڵی خۆی بنوێنێ و هێدی هێدی توانی هێژمونیی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنی. کۆماری ئیسلامی بە کۆپی کردنی لق و پۆپەکانی وەک سپا و بەسیج توانی لە عێراقیش هەر هەمان ڕێچکە بگرێتە بەر و چەند گرووپێکی جۆراوجۆری جیاواز لە ئەرتەشی ئەو وڵاتەدا پێکبێنێ و بۆ بەرەوپێشبردنی مەبەستەکانی خۆی کەڵکیان لێوەربگرێ و لە کاتی پێویستدا دژ بە ڕەقیبەکانی خۆی لەو وڵاتە بەکاریان بێنێ. کۆماری ئیسلامی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و پەلوپۆ هاویشتن لەو وڵاتەدا، تێچوویەکی ماددیی زۆری کرد و بۆ ئەمەش لە سامانی گشتیی خەڵکی ئێران بۆ تەیارکردن و پێکهێنانی لق و پۆپی جۆراوجۆر لەو وڵاتە مایەی دانا. عێراق خاوەن سامانێکی زۆری ژێرزەوییە و حەشیمەتی ئەو وڵاتە ناگاتە نیوەی حەشیمەتی ئێران و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئەم وڵاتە هەم وەک حەسار خەڵوەتێک بۆ خۆی ببینێ و هەم چاوی تەماحیشی لە سامان و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە بێ، ئەوەش لە ڕێگەی ئەم بەرپرس و کاربەدەست و میلیشیا و گرووپانەی لەم وڵاتدا کردوونی بە خاوەنی دەسەڵات. هەر ئەمەشە کە دەبینین کۆماری ئیسلامی بۆتە نیشانەی نووکی ڕمبی خەڵکی نارازی و خۆپێشاندەرانی عێراقی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا خەریکە ئاراستەی ئەم وڵاتە دەگۆڕێ. بەئامانج گرتنی ئێران لەو ناڕەزایەتییانەدا کە چەند جار سووتاندنی کۆنسولخانەکانی ئەم وڵاتەی لێ کەوتەوە چەند هۆکارێکی هەیە. یەکەم، دەسەڵات بەدەستەوەگرتنی شیعەکان لە عیراق و بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بوون و تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەکارهێنانی سەروەت و سامانی خەڵک بۆ مەبەستە سیاسی و حیزبییەکانیان _کە بەشی زۆری بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامییە_، بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گەلانی عێراق لە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتەدا، برسیەتی، بێکاری و هەژاری خەڵک و ژیانی شاهانە و کۆشکە بەرزەکانی بەرپرسە پلەباڵاکانی عێڕاق بە تایبەت شێعە مەزهەبەکان و کڕینی مڵک و ویلا لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا یەکێک لە هۆیەکانی بێزار بوونی گەلانی عێراقە لە کاربەدەستانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی و هەروەها کۆماری ئیسلامی. ئەمەش بۆتە هۆی دزێوی و بێزراوبوونی ئەو ڕێژیمە لە نێو چین و توێژەکانی خەڵکی عێراقدا. دووهەم، سووننە مەزهەبەکان و پاشکەوتووەکانی حکوومەتی سەددام و ئۆگرانی ڕێژیمی بەعسی عێراق، کۆماری ئیسلامی بە دژمنی خۆیان دەزانن و لە ناوچە سوننە مەزهەبەکان بەستێنێکی ئامادە هەیە بۆ دژایەتی کردنی ڕیژیمی ئاخوندەکان بە تایبەتی ئەوان کە پێشتر دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان لە دەستدا بووە و ئێستا لە سۆنگەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کەوتوونەتە پەڕاوێزەوە. سێهەم و، لەهەموویان گرینگتر زاڵبوونی هەستی نەتەوایەتی عەڕەبەکانی عێراقە بەسەر هەستی مەزهەبی و دەمارگرژی سیاسی و حیزبیدا. لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا ئەوەی بەتەواوی ڕوون و بەرجەستە بوو زاڵبوونی ئەم هەستی نەتەوەیی و "عروبییەت"ەیە. وەک ڕوونە خۆپێشاندانەکان لەنێو شیعە مەزهەبەکان و زۆرتر لە ناوچە شیعەمەزهەبەکان بوو و خەڵک لە گەڵ ئەوەی کە دژ بە گەندەڵی ڕاپەڕیبوون و تا ئێستاش دریژەی هەیە، لە هەمانکاتدا دروشمێک کە بوو بە یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران، "ئێران بڕۆ دەرەوە" بوو. ئەوە پەیامێک بوو بۆ کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی لەو وڵاتە کە بەڵێ سەرچاوەی ئەو گەندەڵی و نەهامەتییانە کۆماری ئیسلامی و شوێنەکەتوو و جێبەجێکارانی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەن لە عێراقدا. سوتاندنی کۆنسولخانەکانی کۆماری ئیسلامیی لە پێتەختی ئایینیی کۆماری ئیسلامی و ناوەندی بڕیاری شیعە واتە نەجەف و کەربەکلا کە کۆماری ئیسلامی هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنیبوو، بە واتای مەترسیی جیدیی لەدەستدانی عێڕاقە لای کۆماری ئیسلامی و ئەوەش بە مانای کامۆسکی زراوبردووی تێکشکانی "هیلالی شیعی"ی ڕێژیمی ئێرانە. هەروەها سووتاندنی وێنەی خامنەیی، "مرجع تقلید"ی شیعەکان پەیامێکی دیکەی مەزهەبی و بەچاڵنج کێشانی خامنەیی بوو و لە هەمانکاتدا ڕەتکردنەوەی خامنەیی وەک مەرجەع و هێنانە پێشەوەی عەلی سیستانی بوو وەک مەرجەعی شیعەکانی عێراق کە ئەوەش ڕیسەکەی کۆماری ئیسلامیی کردەوە خوری. بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە عیراق و ناوچەکەدا خۆری کۆماری ئیسلامی پتر ڕوو لە ئاوابوونە و ئەم رێژیمە ناتوانێ لەوە زیاتر لەو ناوچەیەدا تەڕاتێن بکا و هێژمونیی خۆی بەسەر گەلانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنێ.