کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی نێونەتەوەیی ماڤی مڕۆڤ و، مرۆڤ و مافەکانی لە قامووسی کۆماری ئیسلامیدا

22:11 - 1 بەفرانبار 2719

جارنامەی جیهانی ماڤی مڕۆڤ لە سی ماددەدا ڕۆژی ۱۰ی دێسامبەری ۱۹٤۸زایینی لە کۆری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، پەسند کرا. مافی مڕۆڤ بنەڕەتیترین و سەرەتایترین ماڤێکە کە هەر تاکێک بەشێوەی سرووشتی و بە هۆی مڕۆڤ بوونی هەیەتی و دەبێ هەیبێ، هەر ئەوەش بەردی بناغەی داڕشتنی ئەم جاڕنامەیە بوو. بەپێی جارنامەی نێونەتەوەیی ماڤی مڕۆڤ و کۆی پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم ماڤە، تایبەتمەندییەکانی وەک: سەرتاسەری بوون، بێبەری نەکردن، نەگواستراوە بوون، لێک جوودا نەبوون، هەڵنەواردن و یەکسانیخوازی و بەیەکەوە گرێدڕاوی لە خۆ دەگرێ. هەر لە سەر ئەم ئەساسە کۆی تاکەکانی مڕۆڤ لەهەر ئەم جیهانە دەگریتەوە و هیچ کەس بەهۆکاری تایبەتمەندییەکانی جوغرافیایی ، ڕەگەز ، نەتەوە و.... کە هەیتی ، لەم ماڤە بێبەش ناکرێ. بە پشتبەستن بەم سی ماددەیەی کە لە جارنامەی ماڤی مڕۆڤدا هاتوە، دەبینین ئەم کۆمەڵە مافە بنەڕەتییە پێداگری لەسەر کەرامەت، ئازادی، بەرابەریی ماڤی ژیان و.... بۆ مڕۆڤەکان دەکا لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵگە و جوغرافیای خۆیاندا و بەڕوونی لەسەر ئەمە دەوەستێ کە نابێ ئەم مافە بنەڕەتییانەی تاک لە لایەن حکومەت و دەسەڵات، کۆمەڵگە و تەنانەت گرووپ و تاکەکانی تڕەوە بە جۆڕێک پێناسە بکرێتەوە کە کە لە گەل ئامانجی نەتەوە یەکگڕتوەکان دژواز و ناتەبا بێت. بەڵام ئاخۆ ئەم مافانە لەگەل یاسا و سیستمی حکومەتداریی دەوڵەتە سەڕەڕۆ و دیکتاتۆڕەکان(کۆماری ئیسڵامی ئێڕان بۆ نموونە) دێتەوە کە نامۆنە بەم چەشنە لە پێناسەکانی مافی مرۆڤ؟ کۆماری ئیسڵامیی ئێران وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان زۆر جاڕنامە و کۆنڤانسیۆن و پەسندکراوی ئەم ڕێکخراوەیەی واژۆ کردوە، بەڵام چەند لەو پڕەنسیپ و دەروەستییانەی لەگەڵ قانوونە نێوخۆییەکانی وڵاتدا گونجاندوە و بەکردەوە چ ئیلتیزامێکی بە مافی مرۆڤ هەیە؟ کە سەیری یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسڵامی دەکەی، بەئاشکرا ناتەباییەکانی لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکان و کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکان لەچاو دەدا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو پێناسەیەی کە خۆی لە مرۆڤی ئیسلامی و نائیسلامی دەیکا و بەو جیاکارییەی لەنێوان هاووڵاتیی خۆیی و ناخۆیی دەیکا، سەرچاوەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤە. لە وڵاتێکدا و لە کیانێکی سیاسیدا کە یاساکەی تاکێک (ڕێبەر) بە سەر کۆی مڕۆڤەکانی ئەم یەکە جوغرافیە (ئێڕان)دا بسەپێنی و، ئەم تاکەش خۆی بە نوێنەری خوا لە سەر عەرز بزانێ و شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی لە ئاسمان وەرگرتبێ و هەموو یاساکانی دیکەی وڵاتیش لەپێناو بەرژەوەندیی ئەودا نووسرابن، دەبێ حاڵی ئەم مرۆڤانەی کڕنۆشی بۆ نەبەن چۆن بێ؟ هەر ئەوەشە کە دەبینین مرۆڤ لەو وڵاتە نە شکۆ و کەرامەتی هەیە و نە نەها و بایەخ. لەم وڵاتەدا داوا کردنی مافی مرۆڤ بەرەوڕووی سزا و لێپێچینەوەت دەکا و سیمای مافی مرۆڤ دەتوانی بە ئاشکرا لە دیاردەکانی وەک کۆڵبەری و کۆڵبەرکوژی، هەژاری و جۆرەها لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدی بکەی. ئێران وڵاتێکە کە تێیدا بە لێشاو مافی خەڵکەکەی پێشێل دەکرێ، زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە بە زمانی زگماکیی خۆیان ناخوێنن، خەڵک لە ئێران بە تایبەت لە کوردستان بە تاوانی هێنانی پارووە نانێک بۆ سەر سفرەی ماڵ و منداڵیان بەتۆمەتی ئەوەی کاری قاچاغی کردوە دەکوژرێن و بریندار دەبن، کەسیش لەو پێشێلکارییە ناپرسێتەوە... گرتن، سەرکوت، ئێعدام، بێبەشکردنی ژنان و منداڵان لە مافەکانیان، بێکاری و ئاسەوارەکانی بەشێک لەو دۆخەن کە ژیان و مافی هاووڵاتیبوونی خەڵکی ئێرانیان خستۆتە مەترسییەوە. کۆماری ئیسلامی نایشارێتەوە و بە ئاشکرا دەڵێ کە کێشەی لەگەڵ جەوهەری مافی مرۆڤ هەیە و باوەڕی بە مافی مرۆڤی ئیسلامی هەیە، هەموو جیناتەکانیشی لە ئێعدامی جیابیران ڕا بگرە هەتا سەپاندنی حوکمی درێژخایەنی زیندان و بێبەشکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لە مافەکانیان بەوە پاساو دەداتەوە. به‌ڵگه‌ و دێکۆمێنته‌کانی مافی مرۆڤ ‌و پڕه‌نسیپه‌ گشتگیر و جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤ به‌رهه‌می کۆی بیر و بڕیاری مرۆڤ خۆیه‌تی، ئه‌ویش به‌ سه‌رنجدان به‌ زۆری‌ و جۆراوجۆریی ئایین‌ و ئایینزاکان له‌ کۆمه‌ڵگای مرۆیی‌دا بۆ پێکه‌وه‌ژیان‌ و وێکهه‌ڵکردن؛ به‌و مانایه‌ که‌ پڕه‌نسیپه‌ جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤ وێڕای ڕێز و حورمه‌تی بۆ هه‌موو ئایین‌ و ئایینزاکان‌ و به‌ڕه‌سمی ناسینی ئه‌وان له‌ ژیانی تاکه‌که‌سیی خه‌ڵکدا، به‌ڵام له‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵکدا ڕێگه‌ له‌وه‌ ده‌گرێ کە‌ پێڕه‌و و شوێنکەوتووی هه‌ر ئایین‌ و ئاییزایه‌ک ماف ‌و ئیمتیازی زیاتریان له‌ چاو خه‌ڵکی دی هه‌بێ ‌و به‌ گشتی بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ شوێنکه‌وتووی هیچ دین‌و مه‌زهه‌بێک نین. به‌ڵام کۆماری ئیسلامی به‌ هێنانه‌گۆڕێی پرسی مافی مرۆڤی ئیسلامی به‌دوای خۆده‌ربازکردن له‌و به‌رپرسایه‌تی ‌و ده‌روه‌ستییانه‌یه‌. کۆماری ئیسلامی به‌هێنانه‌گۆرێی ئه‌و چه‌مکه‌ و پاساوهێنانه‌وه‌ له‌ هه‌مبه‌ر هه‌موو پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، مافی مرۆڤی ئیسلامیشی نه‌ک بۆ خزمه‌تکردن به‌ ئیسلام، به‌ڵکوو وه‌ک چه‌کێک له‌ پێناو پاراستنی ده‌سه‌ڵات ‌و زۆرداریی خۆی به‌کار هێناوه و‌، بۆ سه‌رکوتی هه‌ر چه‌شنه‌ ناره‌زایه‌تییه‌ک به‌ دژی ده‌سه‌ڵات‌ و پرسیارخستنه‌ سه‌ر شه‌رعییه‌تی نیزام به‌ کاری دێنێ‌ و وه‌ک قه‌ڵغانێک به‌ دژی نه‌یارانی به‌کاری دێنێ. بەڵام سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامی و ئەو شمشێرەی ڕێژیم بۆ دژایەتیی مافی مرۆڤ لە ڕوو بەستوویەتی نەبووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئێران مافەکانیان نەناسن و داوای نەکەن. وەک چۆن دەبینین ڕۆژ نییە خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بە شێوازی جۆراوجۆر نارەزایەتی دەرنەبڕن و باج و تێچووی ئەم مافویستییەش نەدەن.