کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک و خوێندنەوەیان لە هەڵبژاردنەکان و بودجەی وڵاتدا

17:57 - 9 بەفرانبار 2719

سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵ یازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بەرەو مەهەندیسی کردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش دەچێ، کە کۆمەڵگە هێشتا تازیەباری لەدەستدانی ئەو ڕۆڵە بوێرانەیەتی کە بە دەستی غەدر و تاوان خەڵتانی خوێن کراون و لە سۆنگەی مافویستییەوە سیلە لە مێشک و چاویان گیرابوو. هەروەها لە بارودۆخێکدا ڕیزبەندییەکانی گەمەی هەڵبژاردن خەریکی خۆپێناسەکردنن کە خەڵک چیدی نایەوی مافە سروشتی و کەرامەتی مرۆییان لەلایەن ڕێژیمێکی هەتا سەر ئێسقان نامرۆییەوە پێشێل بکرێ و بە چوونەسەر سندووقی دەنگدان پرس و بابەتە جەوهەرییەکانی خۆیان بخەنە پەراوێز و بیننە لاوە. لەگەڵ نیزیک بوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکان، کات دەگاتە ئەم هەڵبژاردنەش کە کێ لە بەرەی خەڵکدا دەمێنێتەوە و کێ لەوبەر؟ کێ بەتەمایە سەرکوتی دەیان ساڵەی خەڵک و ڕووداوەکانی خەزەڵوەر بخرێتە بۆتەی فەرامووشی و بیرچوونەوە و، کێ دەیەوێ لەبەرەی مافخوازیدا بمێنێتەوە و بیەوێ کوورەی خەبات دژی ئەم ڕێژیمە نێڵ بدا؟ بەڵێ، لە ڕۆژانێکدا بەرەو وادەی هەڵبژاردنەکان دەچین کە لە کوردستان لە بنەماڵەیەکدا و لە ماوەی سێ ڕۆژدا تەرمی دوو کوڕ بۆ دایک دێتەوە، دوو برای کۆڵبەری 14 ساڵ و 17 ساڵ کە دەبوا کۆڵی پشتیان کتێب و جانتای قوتابخانە با نەک کۆڵەباری دی، کەچی لەپێناو هێنانەوەی پارووەنانێک بۆ سەر سفرەی هەژارانەی ماڵێیان ناچار بوون بە کڕێوە و باوبۆرانیش ملی گەردەنە و ڕێی چیا بگرن و تەرمیان بێننەوە؛ یان ئەو باوکە جەرگ‌سووتاوەی هەموو ئان و ساتێک دەمری و دەژێتەوە، کاتێک کە نوێنەری شارەکەی لە مەجلیس لە وەزیری نێوخۆ دەپرسێ بۆ کەوکوژی سیلەتان لە سەر و مێشکی کوڕی خەڵک گرتوە و، ئەویش بە خەمساردی لە وەڵامدا دەڵێ نا وانییە، لە لاق و لەتەریشمان داون…! بە ڕوویەکی دیکەشدا، لە بارودۆخێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن و بە پشتبەستن بە سندووقی دەنگدان و بەشداریی “خەڵک” ڕەواییەتی درۆیین بە دەسەڵاتەکەی بدا، کە لەبەرچاومانە لە بودجەی ساڵی 99 دا چەندە جوان ئەو “خەڵک”ە دەبینێ و پشک و بەشی بۆ دیاری دەکا! لە لایحەی بودجەی 99دا ئەوەندەی بۆ بەشی دەسەڵات و حوکمەت دەگەڕێتەوە، نە شتێک بەناوی قەیرانی ئابووریی هەیە و نە گەمارۆیەکیش لەسەر وڵاتە، چونکی وەک هەمیشە پارووی دامەزراوە دەوڵەتیییەکانی وەک حەوزەکانی عیلمییە، ڕێکخراوەکانی تەبلیغاتی ئیسلامی، بەسیج و سپا و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیم لە ڕۆندایە و بەشی “خەڵک”و پەروەردە و سڵامەتی و ئاوەدانیش دیارە چییە و چەندە و “ئابووریی بەرگری” و “خۆڕاگری” دەخوازێ بەوەندە قایل بن و هیچ نەڵێن! خەڵک و ژیان و پێداویستییەکانیان لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە تەنیا لە سەرچاوەی داهات، قەڵغانی بەڵا و ڕەواییەتدانی درۆییندا پێناسە دەکرێن، دەنا چۆن بودجەی حەوزەکانی عیلمییە کە هیچ خێروبێرێکی بۆ کۆمەڵگە نییە دەبێ 54 هیندەی بودجەی بەرنامەی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات، 16 هیندەی بودجەی بنیاتی نەخۆشینە دەگمەن و درێژخایەنەکان بێ؟ چۆن دەکرێ تەنیا ڕێکخراوەیەکی مەزهەبیی وەک «جامعه المصطفی العالمیه» بڕی 318 میلیارد تمەنی بدرێتێ کە 92 هیندەی کۆی بودجەی پشتیوانی لە قوتابیانی سەرەتایی ناوچە هەژار و پەراوێزخراوەکانە؟ حەسەن ڕووحانی ڕۆژی 17ی سەرماوەز لە کاتێکدا لایحەی بودجەی بردە مەجلیس و لە پشتی میکڕۆفۆن ڕایگەیاند کە نرخەکان لە ساڵی داهاتوودا وەک خۆیان دەمێننەوە، کە هەر لەو یەک مانگەدا بەهۆی بڕیاری گرانکردنی نرخی بێنزین _ئەویش بۆ پڕکردنەوەی کورتیهێنانی بودجەی دەوڵەت_ نرخی هەموو کاڵا و کەلوپەلەکان لە سەتا 12 هەتا سەتا 30 زیادی کردوە و ڕوونە کە گوشار و قورساییەکەشی دەستەودامێنی کێ بووە، هەر خەڵکی بێ‌ماف و هەژار! لەو بارودۆخەدا ڕوونە کە هەڵوێستی خەڵک بەنیسبەت هەڵبژاردنەکان چۆن دەبێ و دواتر بەنیسبەت بەردەوامیی ڕوانگەی دەسەڵات بۆ خەڵک کە هەر سەرکوت و بێبەشکردنە لە مافەکانیان بە کام ئاقاردا دەشکێتەوە. خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری 96 و خەزەڵوەری 98 بەو خوێندنەوەیەی بۆ دروشمەکان و هەروەها پەیام و ویست و داخوازە گشتییەکان دەکرێ نیشانی دا کە خەڵک لە پڕۆژەی ڕێفۆرمخوازیش تێپەڕیون و، چیدی دەسەڵات ناتوانێ بەو مەکروحیلە لەلایەک کۆمەڵگە سەرقاڵ بکا و لە چاوەڕوانیدا بیهێڵێتەوە؛ لەولاش لە هاوکێشە جیهانییەکاندا بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەکەیان (نەک خەڵک) کەلک لەو پڕۆژەیە وەربگرێ. ئیدی لای خەڵک ڕوون و ئاشکرایە کە مەجلیس لە کۆماری ئیسلامیدا ناتوانێ نوێنگەی ئیرادە و بەشداریی خەڵک بێ لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی، بەڵکوو شوێنی تێکگیرانی بەرژەوەندیی ڕەوت و لاباڵەکانی نێو حاکمیەتە و کام لا کورسیی زیاتری بە حسێبی دەنگی خەڵک بەرکەوتبێ، ئەوا بەشی زیاتری لە گەندەڵی و تاڵان‌وبڕۆ پێ بڕاوە. بەو پێیە و بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی خەزەڵوەر ڕوونە کە هەم خەڵک و هەم حکوومەت حسێبی خۆیان لەگەڵ یەکتری جیا کردۆتەوە و هەر کام بە ڕێی خۆیدا دەڕوا، بەوەش ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، سەرهەڵدانەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە. هەموو شتێکیش بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە ئامادەیە، چونکی لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆکان ئابووریی وڵات نەک بەرەو باشی ناچێ خراتریش دەبێ، بەوەش نە دەوڵەت لە توانایدا هەیە پشت بە سەرچاوەکانی داهاتی زیاتر ببەستێ و، نە مافیای بەیتی ڕێبەری و بنیاتە ئابوورییەکانی سەر بە سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیم ئامادەن ماڵیات بدەن و نە سیستمی بانکیی مایەپووچ دەتوانن بگەنە فریای دەوڵەت؛ بۆیە دیسانەکەش قورساییەکە دەخرێتەوە سەر شانی خەڵک و خەڵکیش دەڕژێنەوە سەر شەقامەکان. لێرەدایە کە ئەم پرسیارە بەرەوڕووی هەموو لایەک دەبێتەوە کە چۆن ئەمجارەیان داری ناڕەزایەتییەکان بێتە بەر؟ چۆن بکرێ هەتا بە زیانی گیانیی کەمتر دەسکەوتی گەورە دەستەبەر بکرێ؟ چۆن دەکرێ سەرکوتی خوێناویی خەڵک تێچوویەکی قورسی بۆ ڕێژیم لێ بکەوێتەوە؟ پێش هەموو شتێک یەکیەتیی بەکردەوەی خەڵک چ لە هەڵبژاردنی دروشم و چ لە تاکتیکی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم خاڵی گرینگی فازی نوێی ناڕەزایەتییەکانە. چینی مامناوەندیی کۆمەڵگە با هیندەی چینی بندەستە هەژاری و گوشاری ئابووری نەیهاڕيبن، بەڵام وەک هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ لە ماف و ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەشن، هەروەها لەگەڵ بەردەوامیی سیاسەتەکانی ڕێژیم ڕۆژبەڕۆژ ستاتووی ئەم چینەش دادەڕمێ؛ بۆیە پێویستە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وزەی خەباتگێری و ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆیان یەک بخەن، کەواتە کەلێنە چینایەتییەکانی بزووتنەوەش دەبێ پڕ بکرێتەوە. خەلاقییەت لە مێتۆدی بە چالش‌کێشانی دەسەڵاتیش ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕی لە یەکلاکردنەوەی ناڕەزایەتییەکاندا، ئەویش ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان وێڕای بەخاوەن‌کردنی شەقام، بەرەو ئاراستەی مانگرتن و داخستنی بازاڕ، کارگە و ڕێگاکانی هاتوچۆ بچێ و لەڕووی زەمەنیشەوە بەردەوام بێ. بەوە ڕێژیم بەچۆکدا دێ و لەگەڵ پاشەکشەی دەسەڵات، هەم ستاتوی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان بەرەو سەر هەڵدەکشێ و هەم خەبات و مافخوازیی خەڵکی ئێران دەکەوێتە سەر ڕێرەوێکی تر.