کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی قاسم سلێمانی و چڕژانی هیلالی شیعی

14:19 - 14 بەفرانبار 2719

فڕۆکەخانەی بەغدا دواوێستگەی ژیانی تێرۆریستێکی نێودەوڵەتی بوو. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودس، باڵی سەربازیی ڕێژیم و سپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات کە دەستی لە تێرۆری سەدان چالاکی سیاسیی دژبەری ڕێژیم، هەڵگیرساندنی شەڕی نێوخۆیی لە چەند وڵاتی ناوچە و کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەمیلیۆن کەس لە سووریە و یەمەن و عێڕاق هەبوو؛ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ی بەفرانبار لەگەڵ کۆمەڵێک کاربەدەستێکی حەشدی شەعبیی عێڕاق کرایە ئامانجی چەند ڕۆکێتێکی پەهبادەکانی ئەمریکا. کوژرانی قاسم سولێمانی، دووهەم کەسی دەسەڵاتبەدەستی ڕاستەوقینە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و نووری بینایی خامنەیی کە ساڵی ڕابردوو میدالی زولفەقار، بەرزترین نیشانی سەربازیی ئێرانی لە سینگی دا، هەم گرینگە و هەم بۆ هەیمەنەی ڕێژیم چارەنووسساز. گرینگە، چونکی پاش چوار دەیە تەڕاتێنی سپای قودس لە پەرەپێدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی، لە قەیرانخوڵقێنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە نانەوەی شەڕ و ئاژاوەی ئیتینیکی و بەکوشتدانی سەدان هەزار کەس؛ یەکەمجارە کە شێلگیرانە هەس دەدرێتەوە و پێی دەگوترێ جارێ بوەستە. گرینگە، چونکی هیندەی گوشارە لانی‌زۆرەکەی ئەمریکا لەدژی ئێران کاریگەریی لەسەر بڕیاری ڕێژیم هەیە، کوژرانی بەمشێوەیەی سەردارەکەی سپا و کاراکتێرە بنەڕەتییەکەی ڕێژیم لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا شوێنی لەسەر یەکلاکردنەوەی بڕیارەکان دەبێ. وەک گوترا چارەنووسسازیشە، چونکی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ڕووکاری نوێی پێوەندییەکانی ئەمریکا و عێڕاق، مانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها چوار دەیە ململانێی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. چوار دەیە پێش ئێستا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێران لە پێتەختی ئەو وڵاتە هێرشی کرایە سەر و بەوەش گرژیی پێوەندییەکان و ململانێ و دوژمنایەتیی 40 ساڵەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستی پێکرد. چوار دەیە پاش ئەم ڕووداوە و لە ئاکامی هەوڵێکی هاوشێوە _هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا_ کە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لەپشتی بوون و کوژرانی قاسم سولێمانیی لێ کەوتەوە، بەریەککەوتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە پتر لە هەموو کاتێک بەرهەستترە. هەنگاوەکانی دواتری ئەم دوو وڵاتە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم بەریەککەوتنە وێنا دەکەن. مەسەلە ئەوەیە کە سپای پاسداران کلیل‌واژەی مانەوە و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی و هێژمۆنیی ڕێژیمە لە ناوچەدا. بەتایبەت کە سپای قودس لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە "قاسم سولێمانی" ‌سەرۆکایەتیی کردوە، هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئێران، ئەکتەری سەرەکیی ڕووداوەکان لە عێڕاق، سووریە، لوبنان و یەمەن بووە. دیارە بە مەرگی قاسم سولێمانی ئەویش بەو خەسڵەتە تایبەتییەی لە ڕێکخستنی هێز و میلیشیاکانی سەر بە ئێران و دەستڕۆیشتوویی لەنێو کەسایەتی و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتانەدا هەیبوو، سپای قودس و بە تەبیعەتی ئەوەش هێز و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەدا جیاوازتر لە پێشوو دەبێ و زۆری دەوێ کۆماری ئیسلامی بتوانێ خۆی ڕێک بخاتەوە و بگاتەوە ئەو ئاستەی کە پێش کوژرانی سولەیمانی بووی. ئەم بەرکەوتنە لەم فۆڕمەدا دوو ڕەهەندی هەیە. یەکەمیان ئەوەی کە ئەمریکا ئیدی گەیوتە ئێسکانی و وادیارە چیدی تابشتی سەرەڕۆیی و ملهوڕییەکانی ئێران لەدژی بەرژەوەندییەکانی ناهێنێ و، تێکدەری و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم ئەوەندەی مەترسیی بۆ سەر کۆشکی سپی دروست کردوە کە ئامادە بووە ڕیسکێکی ئەوەندە گەورە بکا کە ڕێک لە سەرەکیترین ئەکتەرە مەیدانییەکەی ڕێژیم بدا، لە کەسێک بە ناوی قاسم سولێمانی کە لە ڕاستیدا "وەزیری دەرەوەی خامنەیی" بوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لایەکی دیکەی ئەگەرەکان کاردانەوەی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمە بەتایبەت لە عێڕاق. ئایا کوژرانی قاسم سولەیمانی و کەسی دووهەمی حەشدی شەعبی شەپۆلێکی نوێی پەلامار بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ناوەندە و بنکەکانی ئەم وڵاتە لە عێراقدا وەڕێدەخا؟ ئایا لە سۆنگەی نیگەرانیی لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق _چ لایەنگر و چ دژبەری کۆماری ئیسلامی_ لە هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە خاکی ئەم وڵاتەدا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتەدا پرسیاری دەخرێتە سەر؟ ئاخۆ سەرکەوتنی نیزامیی ئەمریکا بە تایبەت لە ساڵی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لەم وڵاتەدا لە ڕووی سیاسیشەوە لە بەرژەوەندەیی ئەم وڵاتە، بەتایبەتیتر ئیدارەی تڕامپ دەشکێتەوە؟ بۆ وەڵامی هەندێک لەو پرسیارانە دەبێ چاوەڕوانی ڕووداوەکان لە ڕۆژ و مانگەکانی داهاتوو بین. لە ئێستا ئەو ئەمریکایەی کە 40 ساڵە بەردەوام کاربەدەستانی ئێران دەڵێن هیچ غەڵەتێکی لەدەست نایە، دووهەمین پیاوی بەهێزی کۆماری ئیسلامی و ئیدۆلۆگی شەڕە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە ناوچەی کوشتوە. ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی کۆماری ئیسلامیدایە کە ئاخۆ هەڕەشەکانی دەگاتە کوێ؟ ئاخۆ دەتوانێ لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنانەوە زەبرێک لە ئیسڕائیل وەک هاوبەشی ستراتیژیکی ئەمریکا بدا، یان لە خاکی سووریەدا بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە بکاتە ئامانج؟ وێدەچێ لەبەر پێگەی لاواز و لەرزۆکی حیزبوڵلا لە ئێستای لوبناندا و هەروەها مەوقعییەتی نەزۆر قایمی خۆیشی لە سووریە ئەو مەبەستانەی بۆ نەیەتە دی. دەمێنێتەوە عێڕاق کە لەوێدا بە کەلکوەرگرتن لە بارودۆخی شپرێوی سیاسی و ناسەقامگیری لە ناوەندی ئەم وڵاتە، شەڕەکەی لە دژی ئەمریکا بباتە پێشێ. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم پرسیارەش کەم هێز نییە لە بنەڕەتدا ئاخۆ تۆڵەیەک لە گۆڕێدایە، یان وەک چۆن لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ڕێژیم لە سووریە و لایەنە نیابەتییەکانی لە وڵاتانی ناوچە بەبەردەوامی لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە لێیان دراوە و ڕێژیم دژکردەوەی هاوچەشنی نەبووە؛ ئەمجارەش ڕێژیم هەوڵ دەدا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەدوور بگرێ؟ ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی لەسەر دووڕێیانییەکی سەختدایە. وەک چۆن حەوتووی پێشوو ڕایگەیاندبوو کە هیچ ڕۆڵێکی لە هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بە‌غدا نەبووە و ئەوە لەم ترسەوە سەرچاوەی دەگرت کە نایهەوێ ڕاستەوخۆ لەگژ ئەمریکا ڕاچێ؛ ئێستاش نایهەوێ ڕیسکێکی وابکا کە بۆ لای شەڕ لەگەڵ بەهێزترین وڵاتی نیزامیی دنیای ببا. شەڕێک کە بە دڵنیاییەوە براوەکەی ئەو نابێ. بەڵام بێتوو کاردانەوەشی نەبێ، لەنێو خۆی حاکمییەتدا و لەنێو هێز و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەدا تووشی هەڵوەرین دەبێ و ستاتووی ئێستای لەدەست دەدا. بەڵام دەردی ڕێژیم خۆ یەک و دوو نین. لەلایەک گەمارۆکانی ئابوورییەکانی ئەمریکایە کە بڕستی لێ بڕیوە و، لەلایەک کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە کە هەر جارە و بە بیانوویەک دەتەقێتەوە و پاشان ئەو پێگە لەرزۆکەی لە ناوچەدا کە لانیکەم لە یەک ساڵی ڕابردوودا گاردی هێرشبەرانەی بە ڕێژیم نەهیشتووە و بەردەوام جێی پێ لێژ کردوە. خەڵکی ئێرانیش وەک لایەنێکی دیکەی ئەم هاوکێشەیە بە مەرگی دراماتیکی قاسم سولێمانی دڵخۆشن، چونکی باشتر لە هەر وڵات و لایەنێک دەیناسن و دەزانن کە هۆکاری سەرەکیی هەموو بەشمەینەتی و نەهامەتییەکانیان سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمێکە کە کەسانی وەک قاسم سولێمانی بەڕێوەی دەبەن؛ بۆیە وەها مەرگ و کۆتاییەک شایانی کەسانێکی وەک ئەوە کە هەموو مێژووەکەیان کوشتن و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیان و، سەرکوتی ویست و داواکانیان بووە؛ هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژیمەکەش دەبێ بە دەردی قاسم سولێمانی و چارەنووسی ئەو بچێ.