کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتە دەرەوە

16:44 - 16 بەفرانبار 2719

لەگەڵ گرژییەکانی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام دەکا. کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو ڕۆژ دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی کەم کردنەوەی بەڵێنییەکانی بە ڕێککەوتنی ناوکی ڕاگەیاند لە راگەیەندراوەکەی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە، چیدی لەگەڵ هیچ  بەربەستێک لە بواری کردەیی وەکوو توانایی پیتاندن، ڕادەی پیتاندن، ڕێژەی ماددەی پیتێندراو ڕووبەڕوو نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بەفرانبار، لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی هاتنەدەرەوەی خۆی لە هەموو بەڵێنییەکانی بەرجام ڕاگەیاند. لەم بەیانییەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوی پێنجەمی کەم کردنەوەی بەڵێنییەکانی بە ڕێککەوتنی بەرجام، دوایین سنوورداریەتیی خۆی لە بەرجام، واتە سنوورداریەتی لە ڕێژەی سانتێرفیوژەکان وەلا دەنێ." بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چیدی لەگەڵ هیچ بەربەستێک لە بواری کردەیی وەکوو توانایی پیتاندن، ڕادەی پیتاندن، ڕێژەی ماددەی پیتێنداراو ڕووبەڕوو نییە. کاربەدەستانی ئێران، ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری لابردنی گەمارۆکان و کەڵک وەرگرتنی ئێران لە سوودەکانی بەرجام، ئامادەیە بگەڕێتەوە نێو ڕێککەوتنەکە. ئەو بڕیارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونی گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا. ئەم بڕیارەی ڕێژیم لە حاڵێکدا ڕاگەیەندراوە کە پێشتر شەش وڵاتی ئورووپایی لە بەیانییەیەکدا داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە بۆ ناوەرۆکی بەرجام بگەڕێتەوە، ئەگەرنا "میکانیزمی ماشە" واتە گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەست پێدەکەنەوە و پەروەندەی ئێران دەگەڕێتەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.