کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەر کرانی ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە گرتووخانەی سپا

16:46 - 16 بەفرانبار 2719

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، و لە زمان سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی "هومایون عەباسی" ڕۆژنامەمووسی کورد کە ٢٠ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و لەو ماەیەدا یەکجار لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی تەلەفونی هەبوو و لەو ڕێگایەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندوە کە بۆ گرتووخانەی ناوەندی سپای کرماشان ڕاگوازراوە. هومایون عەباسی" بەڕێوەبەر و سەرنووسەری مانگنامەی "ژیلوان" ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان لە تاران، دەسبەسەر کرابوو.مانگنامەی "ژیلوان" پێنج ساڵە بە زمانی کوردی و فارسی لە تاران و کوردستان بڵاو دەبێتەوە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پەروەندەی ناوبراو دراوەتە دادگای ئینقلابی شائاباد" تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچونی بنەماڵەکەی لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. شایانی باسە کە لە بەردەوامیی گرتن و دەسبەسەر کردنەکان لە کوردستان، بە بیانووی جوراوجور ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و ژینگەیی لەلایەن دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەخرێنە بەندیخانەکان و ساڵانە بە دەیان کەس حوکمی قورسیان بەسەر دادەسەپێندرێ.