کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزامی حکوومەتی یان حکوومەتی نیزامی

17:02 - 16 بەفرانبار 2719

سیستمی دەسەڵاتداری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندیدا تێکهەڵکێشێکە لە دوو توخمی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ کە دەسەڵاتەکەی هیچ سنوورێک ناناسێ. ئەو دەسەڵاتە وەک هەموو نیزامە کۆمارییەکان، دەوڵەت و سەرۆککۆماری هەیە و مەجلیس و دەزگای دادیش بەڕواڵەت وەک هەموو سیستم و نیزامە کۆمارییەکان دەبێ لێک جیا بن و سەربەخۆییان لە بڕیارداندا هەبێ، کە لە کۆماری ئیسلامیدا بەڕواڵەتیش ئەو دیاردەیە ڕەچاو ناکرێ. بەڵام لەو نیزامەدا هەروەک لەماوەی تەمەنی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا دیتراوە ئەوەیە کە ئەو دامودەزگایانەی بە ڕواڵەت لە ڕێگەی خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، وەک سەرۆککۆمار و نوێنەرانی مەجلیس و شۆڕای شارەوانییەکان، بەهێند وەرناگیرێن و لە ڕاستیدا وەک پاشکۆ و کاربەڕێکەری ویلایەتی موتڵەقە و لەژێر ڕێنوێنی و فەرمانی ڕێبەردا کار دەکەن و، ناتوانن بۆخۆیان لە ئاستی سیاسەتی باڵادا بڕیار بدەن. لە بەرامبەردا دەبینین ئەو نیزامە هەتا هاتووە زیاتر دەسەڵاتی لەدەست ڕێبەر و دەستە و تاقمەکانی نزیک بە ئەو، کەڵەکە کردوە و دەوڵەتی بەڕواڵەت هەڵبژێردراوی خەڵک و مەجلیس لە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە دەوڵەتی سێبەردا، واتە لە دەسەڵاتی ڕێبەر و سپای پاسداران و ئیمام جومعەکان و بەگشتی باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا، ئیزۆلە و بێدەسەڵات کراون. لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دیتوومانە خومەینی وەک دامەزرێنەری نیزام و پاشان خامنەیی بەتایبەتی، دەسەڵاتی ڕەهایان هەبووە و خۆیان بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی داناوە و، بەناو «ئۆممەت»ـی ئیسلامیش بەخۆشی خۆیان یان بە زەبری دەزگای سەرکوت و داپڵۆسین بێ، دەبێ هەمیشە گوێڕایەڵیان بن و سەرکوتکەران لەو سۆنگەیەوە هەر دەنگێکی دژبەریان بە هەر نرخێک بووبێ بێدەنگ کردوە. لەڕاستیدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە جیهاندا لە زۆر بارەوە بێوێنەیە و دەکرێ بڵێین لە شێوەی خۆیدا هەر نموونەی نییە. ڕێژیمێکی مەزهەبی دواکەوتووی فاشیستی کە باوەڕی ڕاستەقینەی بە هیچکام لە یاسا و ڕێساکانی باو لە جیهاندا نییە و لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی خۆیدا سیاسەت و کردەوەکانی بەتەواوی بەپێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان لەهەموو بوارەکاندا بەڕێوە بردووە. لەپاش مەرگی خومەینی و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەلایەن خامنەییەوە، ڕەوتی ئیزۆلەبوونی دەسەڵات لە دەستی خامنەیی و سپای پاسداراندا زۆر خێراتر بووە. ئەگەر خومەینی شەرعییەتی خۆی لە بونیاتنانی کۆماری ئیسلامی و کەسایەتیی کاریزمای خۆی وەک ئیمامی شوێنکەوتووانی وەردەگرت، خامنەیی، نە ئەو جێگە و پێگەیە و نە ئەو کەسایەتییە ئایینی و کاریزماتیکەی هەبووە و هەیەتی، کە بتوانێ بەبێ پشتیوانی دەزگاکانی سەرکوت و تۆقاندن و بەبێ تێچووی دارایی سەدان و هەزاران میلیاردی لە سەروەت و سامانی گەلانی ئێران، جڵەوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ و بە دڕندانەترین شێوە دەسەڵاتەکەی بەڕێوە بەرێ. هەموو حکوومەت و نیزامێکی پێشکەوتوو لە جیهاندا دەسەڵاتی خۆی لە کۆمەڵانی خەڵک و لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە وەردەگرێ و کار و سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە خزمەت خەڵکەکەیدا بەڕێوە دەبا. دیارە پاش دەورەیەکی دیاریکراو، خەڵک لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبنەوە و مافی خۆیانە دیسان دەنگ بە دەسەڵات و دەوڵەتی پێشوو بدەنەوە یان دەنگ بدەن بە ئۆپۆزیسیۆن و، بەم ‌چەشنە دەسەڵات دەستاودەست دەکرێ. لەو نیزامانەدا ئاسایش و ئەمنیەت بەبێ جیاوازی لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵکدایە و لەڕاستیدا دەسەڵاتەکان پارێزەری ئەمنیەتن؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی نیزامێکی نۆڕماڵ و سەردەمیانە نییە کە لەڕێی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێ‌فرتوفێڵەوە هاتبێتە سەرکار و خەڵک بتوانن لەڕێی سندووقەکانی دەنگدان، دەنگی پێبدەنەوە، یان ئەگەر بەدڵیان نەبوو، لەسەر کار لایبەن. ئەم نیزامە، نیزامێکی دیکتاتۆریی ڕەشی ئاوێتەی ئیدئۆلۆژیی دینی لە خوێندنەوەی ئاخوندەکان لە مەزهەبی شێعەی دوازدە ئیمامییە کە مەشرووعییەتی خۆی لە دەنگی کۆمەڵانی خەڵکەوە وەرناگرێ و، بەدەنگی نەرێنیی خەڵک واز لە دەسەڵات ناهێنێ. نەک هەر ئەوە، دەبینین بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا، ئاخوندەکان هیچ پەروایەکیان لە خوڵقاندنی جینایەت و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی بێتاوان نییە و، نایشارنەوە کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین لە دەسەڵات بکشێنەوە و بگەڕێنەوە مزگەوت و حوجرە و خانەقاکانیان. هەرچەند لە سەردەمی خومەینیشدا سەرکوتکەران و جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی بەدەیان و سەدان جینایەتیان بۆ پاراستنی کۆمارە گەندەڵەکەیان خوڵقاند و لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە و جینایەتکارانە نەبوو کە دەستی بۆ نەبەن، بەڵام لەپاش نەمانی خومەینی، لەلایەک، ڕادەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران هەتا هاتووە زیاتر و بەرینتر بووەتەوە و ئەو ناڕەزایەتییانە شۆڕ بوونەتەوە نێو پێکهاتەی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران و لەلایەکی دیکەش سەرکوت و داپڵۆسین و کوشتاری گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بەربڵاوتر و خوێناویتر بووە و، کۆماری ئیسلامی بە ناوی سەرکوتی بەناو دژەشۆڕش و دەستە و تاقمی سەر بە دوژمنانی دەرەکی، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران زۆر دڕندانە قەڵاچۆ دەکات. سەرکوتی ڕاپەڕینی بەفرانباری ٩٦ و ڕاپەڕینی ئەمجارە لە کۆتاییەکانی خەزەڵوەر نیشانی دا نیزامی حکوومەتی لە ئێراندا تەنیا لەسەر کۆڵەکە و، ئەستوونێک ڕاوەستاوە کە ئەویش سەرکوت و قەڵاچۆکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە بەهەر تێچوویەک بێ. لە ڕاستیدا لە ئێران نیزامی سیاسی و حکومەتی بەشێوەی نیزامەکانی وڵاتانی تەنانەت دیکتاتۆرلێدراویش نییە کە ڕواڵەتێکی پێشکەوتنخوازانەیان هەیە، بەڵکوو ئەوە حکوومەتی نیزامی لە شێوەی ڕەشی چاخەکانی سەدەکانی نێوەڕاستە کە خەڵکی ئێران تووشی بوون و، لە خوڵقاندنی جینایەت و کۆمەڵکوژی و سەرکوتدا هیچ سنوور و پێوەرێک ناناسێ. ئەو ڕێژیمە و ڕێبەرەکەی وەک چۆن لە خەزەڵوەردا زۆر دڵڕەقانە و بەبێ دوودڵی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئێرانیان کوشت و بریندار کرد و نیزیکەی دەهەزار کەسیشیان دەسبەسەر کرد، ئێستاش لەبەر چاوی بیروڕای گشتی و بەبێ سڵکردنەوە خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتوو لە ستەم و دیکتاتۆری و برسییەتی بە «ئەشرار» و «ئاژاوەگێڕ» و دەست و پێوەندەکانی بێگانە ناو دەبەن و بەوپەڕی بێشەرمییەوە بە پاسداران و بەسیج و سەرکوتکەران دەڵێن «خەڵک». هەر لەو ماوەیەدا خامنەیی و کاربەدەستانی ڕێژیم بەدەیان جار باسیان لە بەناو «خەڵک» کردوە کە «ئاژاوەگێڕ»ەکانیان سەرکوت کردوە! کۆماری ئیسلامی پاش نیزیکەی دوو مانگ لە سەرهەڵدانی خەزەڵوەر تا ئێستاشی لەگەڵ بێ نە بەتەواوی تەرمی گیانبەختکردووانی ڕادەستی کەسوکارەکانیان کردوەتەوە و نە ئامار و ڕێژەی کوژراوەکانی بڵاو کردوەتەوە. ئەوە لەلایەک نیشان دەدا کوشتاری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەوەندە زۆر و دڕندانە بووە کە تەنانەت کۆماری ئیسلامیش ترسی هەیە ڕاستیی ئەو کارەساتە بۆ بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران و جیهانی دەرەوە بدرکێنێ و لەلایەکی دیکەش لەبەرەبەری ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ٩٦، ڕێبەرانی ڕێژیم نایانهەوێ بەستێنی سەرهەڵدانێکی بەرینتر خۆش بکەن و بیانوو بدەن کە گەلانی ئێران بێنەوە سەر شەقامەکان. هەربۆیەش کەشوهەوای ئەمنیەتی بەتەواوی بەسەر شار و ناوەندەکانی سەرهەڵدانی خەڵکی ئێراندا زاڵە و دەکرێ بڵێین ئێران لەگەڵ حکوومەتی نیزامی ڕانەگەیەندراو بەرەوڕوویە؛ هەر ئەوەیکە هێزەکانی سپا و بەسیج ڕوو دەکەنە شار و ناوەندە کرێکاری و هەژارنشینەکان بەتایبەت لە تاران و خووزستان و شیراز و کوردستان و ڕێبەرانی ڕێژیم باس لە بە ڕێکخراوە کردن و سازماندانی بەسیج و هێزە بەناو»ئاتەش بە ئیختیارەکان» دەکەن، نیشان دەدا تەنیا ڕێگەیەک کە خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵات و بەگشتی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی خۆی گرتوویەتە بەر توندوتۆڵ کردنی «پشتێنەی ئەمنیەتییە». بەوحاڵەش کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و ئەو ڕێژیمە لە دەرەوە لەگەڵ توندترین گەمارۆکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەوڕوویە کە بەتەواوی ئابووریی ئێران و سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیران و وشکبوون کردوە و، لە نێوخۆی وڵاتیش ئەودۆخە بەرەو تێکچوونی زیاتری ژیان و گوزەرانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەچێ و، هیچ بەدوور نییە لە ئەگەری بەردەوامیی گوشارە دەرەکییەکان و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەت لە چوار بۆنەی جیاوازدا، یەکەم: بەرەبەری ڕاپەڕینی بەفرانباری ٩٦ کە لەشێوەی خۆیدا بێوێنە بوو و توانی کۆماری ئیسلامی لە تەواوییەتی خۆیدا بخاتە ژێر پرسیار، دووهەم: ساڵوەگەڕی بەفرانبار و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی نگریسی ئاخوندەکان کە جگە لە چارەڕەشی و بەشمەینەتی و ژیانی چاخەکانی ڕابردوو هیچ دەسکەوتێکی نەبوو، سێهەم: هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم لە مانگی ڕەشەمەی داهاتوو کە بۆ ڕێژیم چارەنووس‌سازە و دەتوانێ لەئەگەری بەشداری نەکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، «نا»یەکی بەهێز و مانادار بێ بۆ خامنەیی و نیزامەکەی و چوارەم: چوارشەممەسووری و نەوڕۆز و ساڵی تازەی هەتاوی و هاتنی خەڵکی بۆ سەرشەقامەکان؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەورەترین قەیرانی چواردەیەی ڕابردوو کە قەیرانی مان ‌و نەمان بەڕەوڕوو بکا. بەدڵنیاییەوە لە ئەگەری هاتنە سەرشەقامی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەزگای سەرکوتی ڕێژیم لاوازتر و بێورەتر دەبێ، لەبەرانبەردا کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە گوڕوتین و ڕقێکی پەنگخواردووی چواردەیەی ڕابردوو بەگژ جەلاد و سەرکوتکەراندا دێنەوە و چارەنووسی ئێران و کۆمەڵانی خەڵکی و کۆماری پەت و سێدارە بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕوا.