کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کیژی شۆڕش، گوڵی سەنگەر

17:41 - 16 بەفرانبار 2719

(لە٤٠ ساڵەی پێشمەرگایەتیی شەنگەکچێکی نیشتمان‌دا) لە ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵدا حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نەریتی ساڵانی ڕابردوو بەپێدانی ڕێزنامە ڕێزی گرت لە پۆلێک پێشمەرگەی بەڕابردووی خۆنەویست کە بە بیر و باوەڕی چیایی و کۆڵنەدانی بەردەوام ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا خەبات دەکەن و ئاڵای خۆڕاگریی نەتەوەکەیان بەرز و شەکاوە ڕاگرتوە. لەنێو ئەو پۆلە شۆڕشگێڕەی دێموکراتدا کە ئەمساڵ تاجی سەربەرزی و سەروەرییان لە سەر نرا، خاتوونێکی بە بیروباوەڕ هەبوو کە زیاتر لە چوار دەیەیە لەو ڕێبازە بەردەوامە و بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی خەبات و خەباتگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەم خاتوونە، خەج مەعزووری، سیما ناسراوەکەی ڕادیۆ دەنگی کوردستان و دەنگی شۆڕشی گەلی کوردە و، “کوردستان” پێی باش بوو لە دیمانەیەکدا چەند ڕەهەندێکی ژیانی تایبەتی و خەباتگیڕیی بەڕێزیان هەڵداتەوە. یای خەج جەنابت لە 26ی سەرماوەزی ئەمساڵدا، ڕێزنامەی 40 ساڵ پێشمەرگایەتیت وەرگرت. سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەریی “کوردستان”ەوە پیرۆزباییت پێدەڵێین. بفەرموو لەو ڕۆژەدا حەزت دەکرد لە بەرانبەر ئەو ڕێزگرتنەدا چیت گوتبا؟ چ هەستێک لەوە خۆشتر کە منی خەج، بڕوانامەی 40 ساڵ بەردەوامی و خەبات لە پێناو ئازادیم بدرێتێ و ڕێکوردی زۆر مانەوە و بەردەوام مانەوە لە گۆڕەپانی بزووتنەوەدا بە ناوی خۆم تۆمار بکەم. ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە بەرۆکم درا، بەنرخترین میدالیای خۆڕاگری، شێلگیری، پشوودرێژی و وەفاداری بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بوو. ڕاستە لەم ڕێیەدا تەمەنی جوانیم دانا، کەزیەکانم سپی‌ سپی هۆنیەوە، وەک مۆم وردە وەردە سووتام و لە پێناو ئامانجەکانی گەلەکەمدا توامەوە و هەر لەو ڕێگایەدا لەگەڵ گەلێک چەرمەسەری و ناخۆشی، نەهامەتی و بێبەشی بەرەوڕوو بووم؛ بەڵام ئەو شانازییەی لەم سۆنگەیەوە پێم بڕاوە گەلێ زیاتر و زۆرتر لەوەندەیە. ئارەزووش دەکەم حیزبەکەم بەردەوام لە گەشەکردندا بێ و بتوانێ ئامانجی شەهیدانی ئەم ڕێبازە وەدی بێ. با بگەڕێینەوە بۆ چوار دەیە لەوە پێش، چۆن بوو هاتیتە ڕیزی شۆڕش؟ چۆن بوو حیزبی دێموکراتی کوردستانت هەڵبژارد؟ هاتنی من بۆ ڕیزی شۆڕش بە تایبەت حیزبی دێموکرات بە هەڵکەوت نەبوو، بەڵکوو ڕابردوویەکی بنەماڵەیی لە پشت بوو. باب و خاڵم لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دەستەی لاوان بوون و ژمارەیەک لە خزمەکانمان لە دامودەزگای کۆماری کوردستاندا کاریان دەکرد، کاتێک خزم و کەس شەوانی سەختی زستان لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە، خەریکی قسەوباس و گێڕانەوەی سەربردە دەبوون. هەر لەو قسەوباسانەدا بابم و خاڵم بە حەسرەتەوە باسی کۆماری کوردستان و شوێنەواری کۆمار لەسەر خەڵک و لەسەر ناوچەکانی کوردستان، باسی سروودەکانی سەردەمی کۆمار بەتایبەت (خوایە وەتەن ئاواکەی ) شانۆ و پیشمەرگەیان دەکرد. هەر ئەو قسەوباسانە گەرای نەتەوەخۆشەویستی لە مێشکی منی مێرمنداڵدا دروست کرد، بۆ من سەیر بوو کورد لە بڕگەیەک لە مێژووی خۆیدا و لە پارچەیەک لە کوردستان خاوەنی کیان و دامودەزگای ئیداری و هێزی پێشمەرگە بووە، سەرکۆماری خۆی بووە. ئەوانە هەمووی بۆ من سەیر و نامۆ بوون. لە هەمووی سەیرتر بابم هەمیشە لە بن گوێی دەچرپاندم ڕۆڵە! ئەو شتانەی باسی دەکەین پێوەندییان بە دەرەوەی ماڵەوە نییە، ئەو تەئکید کردنەوانەی زیاتر سەرنجی منی ڕادەکێشا و بۆ من ببوون بە پرسیار. پاش چەند ساڵ دەرگای دانیشسەرای بنەڕەتیی کچانی مەهاباد بەسەر مندا کراوە و لەوێ بووم کە ئێعتراز و خۆپێشاندانەکان دژی ڕێژیمی پەهلەوی دەستی پێکرد. ئەمن وێڕای کچانی دانیشسەرا لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداریم کرد. لە یەکەم خۆپێشانداندا کە بە دروشمدان بەرەو مەیدانی چواچرا دەڕۆیشتین لە ناکاو گوێم لە دروشمێک بوو: “بژی حیزبی دێموکرات، نیشاندەری ڕێی خەبات”. بە بیستنی ئەم دروشمە سەرسام بووم و خۆم پێ‌ ڕانەگیرا بۆلای ئەو پۆلە کچە ڕاکێشرام کە ئەو دروشمەیان دەدا . بەڕاشکاوی دەتوانم بڵێم لەو ڕۆژ و لەو ساڵەوە دێموکرات لە دڵمدا هێلانەی کرد و نەمتوانی ئەو هێلانەیە خرا کەم و، لەو کاتەوە تا ئێستا ئاوێتە و دەستەملانی حیزبی دێموکرات بووم . ناوی جەنابت و دەنگە بلاوێنەکەت کە ئاوێتەی مێژووی ڕادیۆی شۆڕش، ڕادیۆی دەنگی کوردستانە، ئێستاش هێمنی و ئارامی بە گوێگران و ناسیاوانت و ئەویندارانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدا. چۆن بوو چوویە ڕادیۆ؟ چوونی من بۆ دەنگی کوردستان دڵخواز نەبوو، چیرۆکێکی دوورودرێژی هەیە. بە کورتی من لە یەکەم دەورەی سیاسیدا بەشدار بووم کە حیزب لە ناوچەی مەهاباد لە گوندی خڕەجۆ، دۆڵی گوێزان کردیەوە. یادی بە خێر کاک تەها عەتیقی لەنێو بەشدارانی دەورە لە وێژەر دەگەڕا. لە گەڵ من قسەی کرد بۆ ئەوەی تەنیا گوێی لە تۆنی دەنگەم بێ. وا دیار بوو بەلایەوە خۆش بوو. کاک تەها جارێکی دیکەش گوێی لە دەەنگی من بۆوە، ئەویش لە کاتی خوێندنەوەی پەیامی یەکیەتیی ژنان بەبۆنەی 2ی ڕێبەندان کە بە بێسیم بە زیندوویی دەنێردرایە ڕادیو دەنگی کوردستان. هەر دوای بڵاوبوونەوەی دەنگی من داوایان کرد بچمە ڕادیۆ، بەڵام من وڵامی رەدم داوە . پاش ماوەیەک کاک مستەفا هیجری و کاک حوسێن مەدەنی بۆ مەئمووریەتێکی یەک مانگە هاتنە شنۆ تا لەوێ‌ڕا بەرەو شیمالی کوردستان بڕۆن. بانگیان کردم و داوایان کرد تا گەڕانەوەیان بابەتێک بە دوو زمانی کوردی و فارسی لەسەر کاسێتێک زەبت بکەم تا لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە دەنگی کوردستان. کاسێتەکان بە دەنگی کوردستان گەیشتن. وادیار بوو دەنگی منیان پێخۆش ببوو، ئەوە بوو کە دواتر لە ڕێگای کۆمیتەی شارستانەوە داوایان کردم و چووم . ئەو بەرنامانەی لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بەڕێوەت بردوون و بە دەنگی جەنابت بڵاو بوونەتەوە چی بوون؟ دیارە سەرەتاکان ئەمن تەنیا وێژەرییم دەکرد، بەڵام پاشان هەم دەمنووسی و هەم وێژەریەکەشەم دەکرد وەک: ژیاننامەی شەهیدان، بۆ بەختیاری کۆمەڵ، وەڵامی نامەی گوێگرەکان، وتووێژ لەگەڵ بەرپرسی ئۆرگانەکانی حیزب، وتووێژ لەگەڵ فریوخواردووەکانی ڕێژیم. بێجگە لەم بەرنامانە وێژەریم بۆ بەرنامەی کۆلکەزێڕینە دەکرد کە بەرنامەیەکی ئەدەبی و هونەری بوو؛ هەروەها تەفسیری سیاسی کە هەموو ڕۆژێ بێجگە لە ڕۆژانی هەینی بڵاو دەبۆوە و ڕاگەیاندراو و بەیاننامەکانیشم دەخوێندەوە. ئێوە لەو کەسانە بوون لە سەرەتاوە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بوون، ئەم ڕادیۆیە خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بوو. پێمان خۆشە لە زمان کەسایەتییە دیار و بەرچاوەکانی ڕادیۆ بناسین و بفەرموو ژیانی پێشمەرگانەی ئێوە لەو ژینگەیەدا چۆن بوو؟ کەسایەتیی زۆر بەرز لەگەڵ “دەنگی کوردستان” و لە پشت ئەم مێدیایەی حیزب بوون، کەسایەتیی وەک دوکتۆر قاسملوو، دوکتۆر شەرەفکەندی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، کاک مستەفا شەلماشی، کاک فەتاح کاویان، کاک تەها عەتیقی و کاک حەسەن شەرەفی. کەسێکی وەک کاک تەها عەتیقی ڕادیۆی بەڕێوە دەبرد و هەر ئەو بۆخۆی کۆڵەکەی بەهێزی ڕادیۆ بوو. ڕادیۆ دەنگی کوردستان هەروەها کەسانێکی وەک ئەحمەد شێربەگی، بێهروز کورد ئەحمەدی، هەیاس کاردۆ، ڕەزا شیرازی، سیامەک قەوی‌پەنجە، عەبدوڵلا حیجاب، دوکتۆر خەلیقی و دەیان کادری بەرجەستەی دیکەی هەبوو کە هەم دەیانووسی و هەم تەرجوومەیان دەکرد و هەم بەڕێوەبەر بوون؛ هەڵبەت ئەوە ئی ئەو سەردەمە کە بنکەی ڕادیۆ لە شاخ بوو. ئێمە ژیانێکی زۆر ئاسوودە و دڵخوازی خۆمان نەبوو. هەمووی ستریس و نیگەرانی بوو، زۆر کار و بەرنامەمان لەسەر ڕیتمێکی جێکەوتوو بوو. لە حەوتوودا یەک ڕۆژ لە دەوری یەک کۆ دەبووینەوە و کەشێکی خۆش و دۆستانە و هاوڕێیانەمان پێک دەهێنا. ژیانمان خۆش نەبوو، بەڵام ئەوەی ئێمەی بەورە ڕاگرتبوو، ئیمان و باوەڕێکی بەهێز و پۆڵایین بوو بە خەبات و نیشتمان‌. جەنابت بەهۆی نیزیکایەتی ڕادیۆ لە بنکەی دەفتەری سیاسی لە نیزیکەوە لەگەڵ دوو ڕێبەری بلیمەتی کورد، شەهیدان د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی ژیاوی. هاوڕێیەتی و هاوسەنگەریی ئەم دوو زاتە چ شوێنێکی لە ژیانی سیاسیی جەنابتدا دانا؟ بێگومان بوونی ئەو ڕێبەرە بلیمەتانە بە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تایبەت بە خۆیان لە نزیک ئێمە، نەک هەر کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ژیانی ئاسایی و سیاسیی ئێمە هەبووە، بەڵکوو دڵگەرمییەکی زیاتر بووە بۆ مانەوە و خۆڕاگری و فێربوون. ئەو ڕێبەرانە قوتابخانەی گەورەی لێفێربوون بوون لە هەموو بوارێکدا. ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان ئینسانی و پێشکەوتوانە بوون. ڕازی مانەوە و بەردەوامیی ئێمەمانان لە کردەوە و بۆچوونەکانی ئەو ڕێبەرانەوە سەرچاوەی گرتبوو. ئەوان دەسمایەی فیکری و شتی بەنرخ و باشیان بۆ ئێمە ڕادەگواست و ئێمەش وەرمان دەگرت و دەمانکردن بە توێشووی بەردەوامیی کار و تێکۆشان. دەنگی جەنابت دەنگی شۆڕش و دەنگی بزووتنەوەیەک بوو. بزووتنەوەیەک کە حەماسەی دەخوڵقاند و شەهیدی دەدا. کەمێک لەو ڕۆژانە بۆمان بدوێ کە ڕووداوە گرینگەکانی شۆڕش دەهاتنەوە لای ئێوە. شتی خۆش و ناخۆش. لە شۆرشدا نوقل و نەبات نابەشنەوە، شۆڕشە و ناوی خۆی بەخۆوەیە. کاتێک لە شۆڕشدا بەشداری دەکەی و دەتهەوێ ئاڵوگۆڕ لە وڵاتدا پێک بێنی و گەلەکەت بەختەوەر بێ، سووک و هاسان بە ئاکامی دڵخواز ناگەی. ئێمە ئەوە ٤٠ ساڵە لە پێناو ئازادیدا قوربانی دەدەین. ئێمە ئەوکات کە لە دەنگی کوردستان بووین بەردەوام چاوەڕوانی هەواڵی ناخۆش و دڵتەزێن بووین تا هەواڵی خۆش. لە بیرمە هەر کە کاکی بێسیمچی‌مان دەهات، دڵمان دادەخورپا، نیگەران دەبووین کە پێشمەرگە لە ناوچەدا چیی بەسەر هاتوە. دیارە پێشمەرگە بە زۆری لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی رێژیمدا شانازییان دەخوڵقاند، بەڵام چەند پێشمەرگەیەک یا شەهید دەبوون یان بریندار، ئەوە ئێمەی دەشلەژاند. دیارە زۆر جاریش پیشمەرگە لە بۆسەی زۆر مەترسیدار ڕزگاری دەبوو و بەو بۆنەوە دەمانکردە خۆشی و شادی. یان قەتم لەبیر ناچێ کە کاتێک کەرکوک لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕزگار کرا، کاک دکتۆر سەعید تەقەی خۆشیی کرد و کاتێک لێمان پرسی ئەوە چۆن بوو؟ فەرمووی ناکرێ بۆ ڕۆژێکی لە چەشنی ئەمڕۆ تەقەی خۆشی نەکەین. کەم نەبوون و نین ئەو کچ و ژنانەی هاتوونەتە ڕیزی شۆڕشە، بەڵام تا ئێستا کەس وەک جەنابت نەیتوانیوە بێ دابڕان ماوەی 40 ساڵ لە ڕیزی شۆڕش‌دا بمێنێتەوە و بەردەوام بێ. ڕازی ئەم مانەوەیە چییە؟ ڕازی مانەوەم ئیمان و باوەڕی قایم بەو ڕێبازەیە کە هەڵم بژاردووە، ڕێز و حورمەت دانان بەو پێشمەرگە و هاوسەنگەرانەیە کە بۆ ئەو ڕێبازە شەهید بوون و سەریان داناوە. سووربوونم لەسەر ئەو مافانەیە کە هەوڵی بۆ دەدەم وەک مافی نەتەوایەتی و مافی خۆم وەک ژن، تا دەمێنم بۆ وەدەستهێنانیان هەوڵ دەدەم و قورس و قایم دەمێنمەوە و مەیدان چۆل ناکەم. ڕوانگەی جەنابت بۆ بەشداریی ژنان، بۆ جێگە و پێگەی ژنان لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێراندا چییە؟ لەو هەلومەرجە حەساسەدا بەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرێ جێگە و پێگەی ژنان لە بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و بزووتنەوەی نەتەوایەتی دیار نین بەداخەوە بەشێکی زۆر لە ژنان بەرامبەر کێشەکانیان کەمتەرخەم و لاپرەسەنن. بەرانبەر ئەو ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنانەی ڕۆژانە لە پەنایان دا ڕوودەدەن وەک ئیعدام، گرتن بە تایبەت دەسبەسەر کردنی کۆمەڵێک ژن و کوشتنی کۆڵبەر و بە شێوەی جۆراوجۆر بێ حورمەتی کردن بە ژنان و بە نەتەوەکەیان هەڵوێستیان نییە و چالاک و لەسەر خەت نین. ژنانی کورد نە تەنیا دەبێ مەسەلەی نەتەوایەتی و هۆوییەت و شوناسی نەتەوایەتی بەهێز بکەن و بۆی تێبکۆشن ، دەبێ بۆ کێشەکانی خۆشیان هەوڵ بدەن. ژنان دەبێ لەو هەلومەرجەدا کە ئێران و کوردستان شلەژاوە دیار بن، لەسەر ڕووداوەکان کاریگەرییان هەبێ و هەلەکان بقۆزنەوە، ئەگەر بە وشیاری و ئاگاهی لەگەڵ بەرامبەرەکەیان بێنە مەیدان هەم شۆڕشێک دەخوڵقێنن هەم بزووتنەوە سەر دەخەن. سپاس لەوەی کاتت پێداین بۆ ئەم دیمانە کورتە سپاس بۆ ئێوەش کە منتان بەسەر کردەوە. ***