کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکی چەپەڵ بۆ مەبەستی چەپەڵتر

17:49 - 16 بەفرانبار 2719

"هیوادارم بە ڕق و قینی شۆڕشگێڕانەی خۆتان دەر حەق بە دوژمنانی ئیسلام ببنە هۆی بەەستهێنانی ڕەزایەتی خوای گەورە، ئەو برادەرانەی وا دیاریکردنی بابەتەکەیان لە ئەستۆیە، چکۆلەترین گومان و دڕدۆنگییەک نەیێ بە دڵیاندا و تێبکۆشن «لە بەرامبەر کافرەکاندا بەتوندی هەڵسوکەوت بکەن». دوودڵی لەمەڕ پرسە قەزاییەکانی ئیسلامی شۆڕشگێڕانە، لەبەرچاو نەگرتنی خوێنی پاک و پیرۆزی شەهیدانە." ئەمەی نووسراوە بەشێکە لە نامەی خومەینی بۆ کاربەدەستانی دەزگای دادوەری و زیندانەکانی ئێران لە دەیەی شەستی هەتاوی و، گەورەترین بەڵگە لەسەر دەستاوەڵایی ئەو کەسانەیە لە ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاری زیندانییانی سیاسیی ئێران. کاتێک کە حکوومەتێکی مەکتەبی دێتە مەیدانی بەڕێوەبەریی وڵاتێکەوە، بۆ پاساوی هەر جینایەتێک کە دەیکا پێویستی بە کۆمەڵێک دەستەواژەیە کە بتوانێ لەوانەوە ڕەواییەتێکی ڕواڵەتی بۆخۆی چێ بکا؛ «کفار»، «منافقین»، «دوژمنان» و ... لەم جۆرە دەستەواژەن کە لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر کاری ئەم ڕێژیمەوە و لەلایەن دەزگای پروپاگانداکەیەوە نیسبەت دراون بە دژبەرەکانی. ئەوەی کە بزانین کێ کافرە و بە چی کافرە و کێ ئیماندارە و ئیمانی بە چییە، خۆی باسێکی جەوهەرییە و نە لێرەدا دەکرێ بکرێتەوە و نە مەبەستی باسەکەی ئێمەشە؛ بەڵام ئەوە گرینگە کە بێتوو ئیدیعای ئەوانیش دروست بێ، چۆن دەکرێ مرۆڤ‌گەلێک سەللاخی بکرێن لەسەر ئەوەی باوەڕیان بە دەسەڵاتی ئارایی نییە؟ ئەم ڕەواییەتە لە کوێوە وەر گیراوە؟ کێ پێیانی داوە؟ ئەمانەش کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتین کە هەر کام لەوانە دەتوانێ هەوێنی باسێکی تێروتەسەل بێ لە بابەتەکانی دادێدا. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی ئاماژەیە ئەم ڕەواییەتە تیۆریکەی کە باسی لێ دەکرێ، دەستی ڕێژیمی لە بەرامبەر هەر کردەوەیەکدا لەدژی دژەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە. لە ئێرانی سەردەمدا زیندانی سیاسی و ئەشکەنجە دووانەی لێک جیا نەکراون، هەر کاتێک زیندانی سیاسی هەبێ بێگومان ئەشکەنجەش هەیە و هەر کاتێکیش ئەشکەنجە هەبوو بزانن ناوی زیندانییەکی سیاسی لەو نێوەدایە. ئەشکەنجەکان فرە شێوەن، لە ئەشکەنجەی ڕووتی لێدانەوە بگرە هەتا ئەشکەنجەی سپی، هەموو لە جێگەی خۆی و بۆ کەسانی تایبەت بە خۆی بەکار هێنراون و دێن. یەکێک لەو شێوە ئەشکەنجانەی کە دیوی ڕاستەقینەی ڕێژیم لە بێوێنەبوونی لە دڕندەییدا دەردەخا، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسییە بۆ سەر زیندانییانی سیاسی بە مەبەستی ئێعتراف وەرگرتن و یا تێک‌ شکاندنی شان و شکۆ و هەستی خۆڕاگریی ئەو بەندییە سیاسییانە و زۆر جاریش تەنیا بە مەبەستی شکاندنی توونیەتیی بازجووە نانۆرماڵەکانی زیندان و گرتنگەکان، بەکار دێ. کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ساتەکانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا گرتنەکەی، ڕووی کردە بەکار هێنانی ئەم شێوە لە ئەشکەنجە، بەڵام لەو سەردەمەدا لەبەر لاوازیی پێوەندیی نێوان زیندانییەکان لەگەڵ دەرەوە و دواتر شەرم و ترسی ئەو قوربانییانە و لەوەش گرینگتر مەرگی ئەو کەسانە، ئەم بەشە تاریکە بە شاردراوەیی دەماوە. لە یەکێک لە گرینگترین دژکردەوەکان بەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دەتوانین ئاماژە بە نامەی ئایەتوڵڵا مونتەزیری بکەین کە بۆ خومەینی نارد و لەوێدا بە ڕاوێژی پرسیاری و، بە بەردەنگ دانانی خومەینی باسی لەوە کردبوو کە هیچ ئاگاداری ئەوە هەیە «کۆمەڵێک ژن و کچ لە زیندانەکاندا داگیر کراون و بە پیسترین شێوە و بە جنێوی زۆر قیزەونانە لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکرێ؟». ئەم بەڵگەیە لەگەڵ ڕاپۆرتی گالیندۆپۆل ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵەکانی ٦٥ هەتا ٧٣، کە لەوێدا ئاماژە بەو کچانە دەکا کە پێش لە ئێعدام کردنیان لەلایەن مەئموورەکانەوە دەستدرێژییان دەکرا سەر و کچێنییان لێ دەستێندراوە؛ یەکەمین بەڵگەکانن کە لەم بارەوە لە بەردەستدا هەن. ئەمە بێجگە لە شایەدیی سەدان قوربانی و زیندانیی پێشووە کە دواتر ئازاد و لە بێسەر و شوێن بوون ڕزگاریان بووە. کاتێک کە دڕندەیی دەگاتە ئەو پەڕی خۆی و بە مەبەستی دوژمنایەتی لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم، کچانی تەمەن کەمتر لە پازدە ساڵ و خوارتریش، پێش لە ئێعدام کردنیان کچێنییان لەسەر لادەبردرێ تەنیا بەو ئامانجەی لە دوای مردنیان نەتوانن بچنە بەهەشت! واتە بەپێی بڕوای خۆیان هەر دوو دنیای دوژمنانیان دەکەنە جەهەندەم! لە ڕاستیدا ئەم کردارانە دەچێتە ئەو بەری نامرۆڤایەتی و هیچ مێشکێک ناتوانێ ئەم بارستاییە لە وەحشیگەری هەڵبگرێ. ئەم هەوڵە دزێوانەی کۆماری ئیسلامی هەردەم بەردەوام بووە، لە دوای ئاشکرابوونی قەتڵە زنجیرەییەکان و تۆمەتبار کردنی سەعید ئیمامی (ئیسلامی) کە بۆخۆی جێگری عەلی فەللاحیان وەزیری پێشووتری وەزارەتی ئیتلاعات بوو، هاوسەری ناوبراو بووە قوربانیی ئەم سیاسەتی ئێعتراف وەرگرتنە و ناچار کرا لە بەرامبەر کامێرادا بوختانی سێکسی بۆ خۆی و مێردەکەی هەڵببەستێ. دواتریش و لە ئاکامی بەردەوامیی ئەم ڕووکردەدا کەسانێکی وەک «زارا بەنی یەعقووب»، «ڕۆئیا تولووعی»، «زارا کازمی»، «تەرانە مووسەوی» و زۆر کەسانی تریش بوونە قوربانیی دەستدرێژکەرانی گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە هەموو دنیادا دەنگی دایەوە. ئەم ڕەوتە درێژەی هەبوو و دوا بە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨ و گرتنگەی کەهریزەک، کە دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبوو، مێهدیی مەحموودیان ڕۆژنامەنووس لە نامەیەکدا کە لەسەر دۆخی ئەو گرتنگەیە بۆ خامنەیی نووسیبوو، لەوێدا بەڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کردبوو، «کوڕە منداڵێکی زیندانی لە یەک شەودا ٧ جار دەستدرێژیی کراوەتە سەر»! بەڵێ ئەشکەنجەی سێکسی لە زیندانەکانی ڕێژیمدا بە شێوەی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ و، بۆ ئەمەش فتوای شەرعیی تەقی میسباحی لەسەرە و تەنانەت هەر خوێندنەوەی وردەکارییەکانی شەرمی لەگەڵە، چ بگا بە هێنانەوە و نووسینەوەیان. لەدوای خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر و ڕەشبگیرییەک کە بەو بۆنەیەوە بوو و ئێستاش بەردەوامە، هەواڵی دەسدرێژی کردنە سەر ٣ مێرمنداڵی مەریوانی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بڵاو بووەوە، بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێ قوربانییان بەو جۆرەی پێویستە ناوێرن ڕاستیی ڕووداوەکان بدرکێنن و پتر لە پێش دەسدرێژکەران ڕووڕەش بکەن. پێویستە و دەبێ قوربانییانی ئەم جۆرە تاوان و ئەشکەنجانە بەو پەڕی بوێرییەوە دەنگ هەڵبڕن و هەموو لایەک لەو ستەمەی لێیان کراوە ئاگادار بکەنەوە؛ هەتا چیتر گوێبیستی شتی لەم چەشنە نەبین.