کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆکوشتنەکان لە کوردستان

02:48 - 17 بەفرانبار 2719

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بەفرانبار، ژنێکی لاوی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “دڵشاد پوورعەبدوڵڵاهی” بەهۆی کێشەی خێزانی؛ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. دڵشاد پوورعەبدوڵڵاهی تەمەن ٢٥ ساڵ و دایکی دوو منداڵ بووە کە بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی و ئەوەی کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەزیەت و ئازار دراوە، خۆی کوشتوە. شایانی باسە ئاماری خۆکوشتنەکان لە کوردستان بەهۆی پەرەسەندنی خەمۆکی و قەیرانەکانی بێکاری و ئابووری و هەروەها؛ کەمتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتی‌ و حکوومییەکان لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. بە جۆرێک کە بووەتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لەو نێوەدا بەداخەوە خۆکوشتن بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان و هەتا دێ زیاتر بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرێ.