کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دەنگۆی چوونە دەرەوەی هێزەکانی لە عێراق بەدرۆ خستەوە

14:39 - 17 بەفرانبار 2719

مارک ئیسپێر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە، هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نییە و دەڵێ: ''لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو نامەیە دەکەن کە بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراقی ناردووە.'' ئیسپێرهەروەها دەڵێ: ''نامەکە ورد نییە و هیچ بڕیارێک بۆ کشانەوە لە عێراق نەدراوە.'' بەپێی نامەکە سپای ئەمریکا وەزارەتی بەرگریی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق. لە نامەکەی سپای ئەمریکادا هاتووە کە ''وێڕای ئاماژە بە سەروەریی کۆماری عێراق، لەسەر داواکاریی پارلمانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنی دژبە داعش دەست بە جێگۆڕکێی هێزەکان دەکەن لە ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوودا. بۆئەوەی ئەم کارەش بکەین، هێزە هاوپەیمانەکانمان پێویستیان بەوەیە کە چەند هەنگاوێک بگرنە بەر هەتا دڵنیا بن کە کشانەوە لە عێراق بە شێوەیەکی پارێزراو و باش بەڕێوە دەچێ." هەروەها نامەکە ئاماژەی بەوەش کردوە "لەو ماوەدا هاتوچۆی هێلیکۆپتێر بۆ ناوچەی سەوز لە بەغدا زیاد دەکا، ئەمەش بۆ کشانەوەی هێزەکانە لە ناوچەی سەوز." لە بەشێک لە نامەکەدا باس لەوەش کراوە "کشانەوەی هێزەکان زیاتر بە شەودا دەبێ بۆئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە هەست بە بێزاری نەکەن و تێبگەن کە ئێمە هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەی سەوز دەکەین." بەرپرسێکی عێراقی و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە کە نامەکە پشتڕاست کراوەتەوە و دەڵێن، نامەکە ڕادەستی وەزارەتی بەرگریی عێراق کراوە. نامەکە لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە عێراقەوە ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق کراوە و، لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە؛ "ئێمە ڕێز لە بڕیاری ئێوە دەگرین کە فەرمان بە چوونەدەری ئێمە دەکات.'' سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز کەم دەکرێتەوە بۆ نیوە و هەندێکیان دەنێردرێن بۆ شوێنی دیکە لەنێو عێراق و هەندێکیشیان دەنێردرێن بۆ کوەیت. وا دیارە مەبەستی ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە کشانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا بووبێ بۆ شوێنەکانی دیکەی عێراق.