کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان‌ لەدەستدانی کۆڵبەرێکی بریندار پاش دە ڕۆژ لە سەردەشت

15:14 - 17 بەفرانبار 2719

کۆڵبەرێكی کوردی خەڵکی سەردەشت کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە توندی بریندار بوو دوای دە ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا. بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، خدر بێنەوا، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی ''کوربناو''ی، سەر بە شاری سەردەشت کە دە ڕۆژ لەمەوپێش لە سنووری قەڵەڕەشێ لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەران دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بە سەختی بریندار دەبێ،  دوای دە ڕۆژ بە هۆی کاری بوونی برینەکەی گیانی لە دەست دا. شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان لەبەر نەبوونی کار و ناکارامەیی کاربەدەستان و گرینگی پێنەدان بە کوردستان، بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە ناچار ڕوودەکەنە کۆڵبەری کە لە منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ، ژن، پیاوی بە تەمەن و کەسانی خوێندەوار سەرەڕای وەرگرتنی بڕوانامە لە ئاستی باڵادا دیسانیش ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕێگایەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لە دەست دەدەن، بەپێی ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵدا ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بەربوونەوە لە بەرزایی، ڕەق هەڵاتن لەسەرمادا، هەڵاتن و ڕاوەدوونانی ئەو هێزانە کوژراو بریندار بوون.