کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردنەکان لە کوردستان

16:58 - 17 بەفرانبار 2719

لەدرێژەی بەردەوامیی گرتن و دەسبەسەر کردنەکان لە کوردستان سێ کەس لە بۆکان، کەسێک لە ورمێ و سنە، دەسبەسەر کران و حوکمی بەندکرانیان بە سەر داسەپا. سێ چالاکی مەدەنی خەڵكی بۆکان کە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا و لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی بەندکرانیان بۆ بڕایەوە. دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی " تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریی کردن لە خۆپێشاندانەکان حوکمی بەندکرانی بەسەر سێ هاونیشتمانیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاندووە. "شاهۆ خزری" بە یەک ساڵ زیندان ، "هومەن فەیزی" چوار مانگ، و هاوسەری ناوبراو "ژاکا ئیسماعیل نژاد" حوکمی ٣ مانگ بەند کرانیان بەسەر داسەپا. ئەو سێ کەسە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەر لەگەڵ "سمکۆ مەعروفی " بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە خۆپێشاندانەکاندا دەسبەسەر کران و دوای دوو حەوتوو بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون و جێی‌ وەبیرهێنانەوەیە کە "سمکۆ مەعروفی " لە کۆتایی مانگی سەرماوەزدا لە هەمان دادگا بە ٢ ساڵ زیندان حوکمدرا. هەروەها ڕۆژی شەممە ١٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، فازڵ عەمری" خەڵکی ورمێ، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا ، "فازڵ عەمری" بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە داداگی ئینقلابی ئەو شارە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بۆ بڕایەوە . هەر لەو پێوەندییەدا و لەهەمان ڕۆژدا هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی "سەرهوویە"ی سەر بە شاری سنە، بە ناوی "مادێح مورادی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا و تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە چەند ڕۆژ لەوەی پێش سێ کەسی خەڵكی گوندی ئەویهەنگ سەر بە شاری سنە، لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.