سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە پەلامارێکی مووشەکیدا دوو بنکەی نیزامیی ئەمریکا لە عێڕاقی کردە ئامانج.
سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە بنکەی نیزامیی "عەینولئەسەد" لە پارێزگای ئەنباری بە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولێمانی مووشەکباران کردوە. سپای پاسداران هەروەها هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵاتانە کردوە کە بنکەی نیزامیی ئەمریکایان لێیە و گوتویەتی هەر وڵاتێک کە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران بێ، دەکرێتە ئامانج.
پێنتاگۆن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هێرشە مووشەکییانەی کراونەتە سەر بنکەی "عەینولئەسەد" و بنکەیەکی نیزامیی دیکەیان لە نیزیک فڕۆکەخانەی هەولێر لە باشووری کوردستان، ڕایگەیاندوە کە خەریکی بەراوردی زیان و خەسارەکانی ئەم هێرشانەن. پێنتاگۆن هەروەها ڕایگەیاندوە کە دۆناڵد تڕامپ لە کۆشكی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیەتی و سەربازیی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەدایە.
تڕامپ پێشتر گوتبووی بێتوو کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، وەڵامی ئەوان زۆر توندتر و دوور لە چاوەڕوانی دەبێ.