کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی بریتانیا بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی

07:56 - 18 بەفرانبار 2719

بریتانیا دەڵێ بێتوو کۆماری ئیسلامیی ئێران بیەوێ لە هێرش و پەلامارەکانی بەردەوام بێ، بێدەنگ دانانیشن. بێن‌والاس، وەزیری بەرگریی بریتانیا لە مەجلیسی عەوام ڕایگەیاندوە بێتوو کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە بە پەلامارە مووشەکییەکانی بدا، دژبەرانی خۆی لە ئورووپا بکاتە ئامانج یان بیەوێ هێڵی گواستنەوەی نەوت و پاپۆڕەوانی بخاتە مەترسییەوە، کردەوەکانی بێ‌ وەڵام نامێننەوە. بریتانیا پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە لە مردنی قاسم سولێمانی بەداخ نییە و ناوبراو هیچ یارمەتییەکی بە ئاشتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکرد. ئەو قسانەی وەزیری بەرگریی بریتانیا لە حاڵێکدایە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە پەلامارێکی مووشەکیدا دوو بنکەی نیزامیی ئەمریکا لە عێڕاقی کردە ئامانج. سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە بنکەی نیزامیی "عەینولئەسەد" لە پارێزگای ئەنباری بە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولێمانی مووشەکباران کردوە. پێنتاگۆن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هێرشە مووشەکییانەی کراونەتە سەر بنکەی "عەینولئەسەد" و بنکەیەکی نیزامیی دیکەیان لە نیزیک فڕۆکەخانەی هەولێر لە باشووری کوردستان، دەڵێ 9 مووشەک لە عەینولئەسەد دراوە و دوو مووشەکیش بەر بنکەیەکی نیزامیی ئەمریکا لە نیزیک هەولێر کەوتوون.