کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی 252 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ساڵی 2019ی زایینیدا

13:42 - 18 بەفرانبار 2719

لە ماوەی ساڵی 2019ی زایینیدا لانیکەم 252 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. "چاونیوز"، ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی سێ مانگی وەرزی کۆتایی 2019ی زایینیدا لانیکەم 72 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو 72 کاسبکارە 22 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و 50 کاسبکاری دیکەش بریندار بوون. کوژران و برینداربوونی 72 کاسبکار لە وەرزی چوارەمی 2019 لە کاتێکدایە کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2019دا لانیکەم 60 کۆڵبەر و لە وەرزی دووهەمیشدا 61 کۆڵبەر و لە وەرزی سێهەمی ساڵیشدا 59 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد درابوونە بەر دەستڕێژ؛ بەوەش ژمارەی ئەم کۆڵبەرانەی لە ماوەی ئەمساڵی زایینیدا کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی 252 کەس بووە کە 81 کەسیان کوژراون و 171 کەسیش بریندار بوون.