کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا

14:00 - 18 بەفرانبار 2719

دوای هێرش بۆ سەر بنکەی "کەی وان" و دواتر تۆڵە کردنەوەی ئەمریکا بە هێرش بۆ سەر پێنج بنکەی حەشدی شەعبی و دواتر کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس، کێشەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا زیاتر تەشەنەی سەند. لەگەڵ گەڕاندنەوەی تەرمی قاسم سلێمانی، یەکێک لە بەناوبانگرترین تێرۆریستەکانی وەک ئوسامە بن لادن و ئەبووبەکر بەغدادی، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بە توندی هەڕەشەیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و بەڵێنیان بە دارودەستەکەیاندا کە تۆڵەی بستێننەوە. لە یەکەمین کاردانەوەدا، شەوی ١٨ی بەفرانبار چەند مووشەکی بالستیکیان ئاراستەی " عەین ئەسەد" لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لەوێ جێگیر کراون. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە تا ئێستا بڵاو کراونەوە مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانیان بەدواوە نەبووە. هەر لە هەمان کاتدا دوو مووشەک ئاراستەی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کران کە یەکیان نەتەقیەوە و ئەوەیتریان لە بەردەڕەش لە نیزیک یەکێک لە کەمپەکانی ئاوارەکانی ڕۆژاوای کوردستان کەوتە خوارەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبوو. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ١٢ مووشەکی ئاراستەی عەینولئەسەد کردووە. دوای ئەو مووشەک بارانە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ هەڵسەنگاندن و تاووتوێی ئەم دۆخە پێکهێنا و بڕیار بوو دوای کۆبوونەوەکە دۆناڵد تڕامپ بۆ مێدیاکان لێدوان بدا بەڵام دواتر ئەم بڕیارە هەڵوەشایەوە و هیچ لێدوانێکیان نەدا. دوای ھێرشی مووشەكیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق، وەزیری درەوەی ئێران رایگەیاند، تاران شەڕی ناوێ و بە پێی ماددەی ٥١ یاسای نێودەوڵەتی بەرگری لەخۆی كردووە. هەر لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا، مەجلیسی ئێران ٢٠٠ میلیۆن یۆرۆی بۆ دوو مانگی کۆتایی ئەمساڵ بۆ کار و چالاکییەکانی سپای قودس زیاتر و بڕیارە ساڵی داهاتووش ٢٠٠ میلیۆن یۆرۆی دیکەی پێ بدەن. ئەو پارەیە جیا لەو بوودجەیە کە ساڵان بۆ کارە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی سپای قودس دیاریکراوە. حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران لە لێدوانێکدا زۆر بە توندی هێرشی کردە سەر ئەمریکا و ڕایگەیاند کە گورزێکی بەهێز و یەکلاکەرەوە لە ئەمریکا دەدەین و تۆڵەی قاسم سلێمانی دەکەینەوە. دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا ڕایگەیاند کە ئەگەر زیان بە هاووڵاتیانی ئەمریکایی بگەیەنن، زۆر بە توندی وەلامیان دەدەینەوە. هەر ئەمڕۆ هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کۆبوونەوە.