کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی 738 کەس لە کوردستان بە تۆمەتی ئەمنیەتی لە ساڵی 2019ی زایینیدا

14:26 - 18 بەفرانبار 2719

ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ساڵی 2019ی زایینیدا لانیکەم 738 کەسیان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و چالاکی ئەمنیەتی لەدژی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کردوە "چاونیوز"، ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە وەرزی کۆتایی ساڵی 2019ی زایینیدا جیا لەو 169 کەسەی لە ڕەشبگیرەکەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا گیرابوون و ناوەکانیان بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا ببوو، 204 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگایی‌کرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 51 کەس لەوان دادگایی کراون و حوکمی 4 مانگ تا 118 ساڵ زیندان و (سەرجەم 376 ساڵ و 6 مانگ، بە واتایەکی دی 4518 مانگ) زیندانییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها زیندانییەکی سیاسیی کورد بە تۆمەتی هەڵگەڕانەوە لە بڕیارەکانی ڕێبەری ئایینی ئێران سزای ئیعدامی بەسەردا سەپاوە و چالاکێکی سیاسیی کوردیش لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران کراوەتەوە. دەسبەسەرکردنی 204 کەس و حوکمدرانی 51 چالاکی سیاسی لە وەرزی کۆتایی 2019 لە حاڵێکدایە کە لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا 157 کەس، لە وەرزی دووهەمیدا 184 چالاکی سیاسی و لە وەرزی سێهەمیشدا 193 کەس بەتۆمەتی لایەنگری لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیرابوون و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵی 2019ی زایینیدا گیراون، گەیوەتە 738 کەس.