کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی 2019دا لانیکەم 298 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتوە

14:41 - 18 بەفرانبار 2719

لە ساڵی 2019دا لەو سەدان کەسەی هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، لانیکەم 298 کەسیان گیانیان لەدەست داوە. ئاماری خۆکوژییەکانیش لە کوردستان بەهۆی کەمتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتی‌ و حکومییەکانەوە لە ماوەی 2019ی زایینیشدا دیار و بەرچاو بوو. "چاونیوز"، ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە لە ماوەی سێ مانگی وەرزی کۆتایی ساڵی 2019دا هەر نەبێ 80 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 54 کەس لەوانی تۆمار کردوە. لە شەش مانگی یەکەمی 2019شدا لانیکەم 123 کەس و لە وەرزی سێهەمی ساڵیشدا 95 لە کوردستان بەهۆکاری جۆراوجۆر خۆیان کوشتوە و و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە کوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا بەهۆی خۆکوشتن کۆتاییان بە ژیانیان هاتوە، گەیشتە 298 کەس. ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.