کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمدرانی دوو کەس لە پاوە و کەسێک لە کرماشان

14:58 - 18 بەفرانبار 2719

لە درێژەی دەسبەسەرکردنەکان لە کوردستان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابروودا دوو هاونیشتمانی خەڵكی پاوە و کەسێکی دیکە لە کرماشان لەلایەن دادگای ئینقلاب حوکمی بەندکرانیان بە سەر داسەپا. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا "فەرهاد مەجیدزادە" خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە یەک ساڵ بەندکران حوکم درا. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ناوبراو مانگی ڕەزبەری ساڵی ٨٧ی هەتاوی، دەسبەسەر و دوای یەک مانگ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازادکراوە. هەر لەو پێوەندییەدا و لە شاری پاوە دوو کەس بە ناوەکانی" دڵشاد فەرەجی و هونەر حوسێنی" بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و کۆبوونەوەی نایاسایی، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە هەرکام بە ٣ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی حوکم دران. شایانی باسە کە ئەو دوو کەسە لە خۆپێشاندانەکانی ڕەزبەری ئەمساڵ بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان و مەحکوومکردنی دەوڵەتی تورکیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و دوای لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.