کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا

13:44 - 19 بەفرانبار 2719

دوای ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تۆڵە کردنەوە چەند مووشەکێکی ئاڕاستەی بەغدا و هەولێر کرد، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ زیانێکی گیانی بەر سەربازانی ئەمریکایی نەکەوت، بەڵام کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. لە یەکەمین کاردانەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەولێر، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ زیانێک بە سەربازانی ئەمریکایی نەگەیشتوە و بۆ جارێکی تر ڕایگەیاند کە تا ئەو سەرۆک کۆمار بێ ناهێڵێ کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات. لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شانازییەوە رایانگەیاند کە بەو مووشەکبارانە تۆڵەی قاسم سلێمانییان کردۆتەوە و بەو چەواشەکارییە ویستیان بە لایەنگرانیان بڵێن کە لە بەرابەر ئەمریکادا دەوەستنەوە، ئەو قسانەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە باس لە سازانی ژێربەژێری نێوان ئێران و ئەمریکا دەکرێ بۆ ئەوەی کە خوێن لە لووتی هیچ سەربازێکی ئەمریکایی نەیە و لەو لاشەوە ئەوان بتوانن پاساوێک بۆ هەڕەشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان بێننەوە. زۆربەی وڵاتانی جیهان هێرشیی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم کارە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا. پێش مووشەک بارانی هەولێر و ئەنبار لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کاربەدەستانی فینلاند و عێراق ئاگادار کراونەتەوە. دوکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هێرشە مووشەکییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد و هەولێر مەحکووم کرد. هەر لەم پێوەندییەدا موقتەدا سەدر ڕێبەری دیاری شیعەکانی عێراق ڕایگەیاند کە بە لێدوانەکانی تڕامپ و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، دۆخەکە ئارام بۆتەوە و پێویستە سەروەریی بۆ عێراق بگەڕیتەوە و سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دیاری بکرێ. شەوی پێنجشەممە بۆ جارێکی تر لەلایەن هێزە دەسکردەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، دوو مووشەک ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراون کە تا ئێستا زیانەکانی ڕانەگەیەندراون، بەڵام لە باڵوێزخانەی بەغدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. سکرتێری گشتی ناتۆ یێنس ستۆڵتنبێرگ، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، ھاوڕابوون لەسەر زیادکردنی رۆڵی ناتۆ بۆ سەقامگیری لەڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی تیرۆریزمی جیهانی. لە دوایین وتاریدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ سەقامگیری ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست دەبێ ڕۆڵی ناتۆ لە ناوچەكە زیاتر بێ.