کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی لانیکەم چوار کەس لەماوەی ٣ ڕۆژدا لە کوردستان

14:33 - 19 بەفرانبار 2719

لە بەردەوامیی خۆکوشتنەکان لە شارو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژدا چوار کەس لە شارەکانی سنە، ئیلام، کامیاران و بۆکان، لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی "توارمەڵا" سەر بە شاری سنە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٧ی بەفرانبار، ژنێکی لاو خەڵكی ئیلام بە ناوی "زێنەب ئیحسانی" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە ڕێگای خواردنی حەبەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هەمان ڕۆژ و لە گوندی "ئەڵک" سەر بە شاری کامیاران، "عیرفان فاتحی" بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بەفرانبار ، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی بۆکان بە ناوی "دڵشاد پوورعەبدوڵڵاهی" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە، ناوبراو دایکی دوو منداڵی کەم تەمەن بووە. بەداخەوە دیاردەی خۆکوشتن لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و بە تایبەت کوردستانی گرتووەتەوە و هیچ ناوەندێکی ڕێژیم لە هەمبەر ئەو دیاردەیە خۆیان بە بەرپرسیار نازانن. نەبوونی سیستمێکی گونجاو و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بەتایبەتی بێکاری لە کوردستان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆتاییهێنان بە ژیان لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانن. بەشێکی بەرچاو لەو ئامارانە لاوان و مێرمنداڵان دەگرێتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان کە هەژاری، دەستکورتی و بێ‌هیوایی لەنێو لاواندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەنابردن بۆ خۆکوشتن لەنێو مێرمنداڵان و لاوان دێتە ئەژمار.