![](/files/hawapaymaiukraieee.jpg)
بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرایینی لە گەشتی نێوان تاران و کییێف ١٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٢ کەسیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، فڕۆکەیەکی هێڵی تاران – کییەف، شەش خولەک دوای هەستان لە فڕۆکەخانەی تاران، لە نزیک شاری شەهریار لە پارێزگای تاران کەوتەخوارەوە. هەموو سەرنشینەکانی کە ١٧٦ کەس بوون گیانیان لەدەستدا ،کە ١٤٤کەسیان خەڵکی ئێران و لەوانەش ١٢ کەسیان کورد و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
ئەوانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون پێنج کەسیان خەڵکی مەهاباد بوون، دایکێکی دووگیانی کرماشانی و هەروەها بنەماڵەیەکی سێ کەسی خەڵکی سەقز بوون و دووکەسیش خەڵکی سنە بوون کە لە کەنەدا نیشتەجێ بوون.
بەدەر لەو هاونیشتمانییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتی ئەفغانستان، ئەڵمانیا، سوئێد، ئۆکراینا و کەنەداش گیانیان لەدەستدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا فڕۆکەکە لە ئاسمان گڕی گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە .
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندۆتەوە، بەڵام محەممەد ئیسلامی، وەزیری ڕێگەوبان گوتوویەتی دەبێ بە وردی لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەکە بکرێ و هەروەها بەرپرسانی ئۆکراین و هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران باس لە ئەگەری تێکشکانی فڕۆکەکە بە هۆکاری بەرکەوتنی مووشەکێکی کۆماری ئیسلامی دەکەن و ئێستا بەرپرسانی ئۆکراین بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە دەکەن.
شایانی باسە کە ناوی ئەو کەسانەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لە بەردەستماندایە ،"ڕزگار ڕەحیمی، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆخەڵکی سەقز لە گەڵ هاوژینەکەی کە دووگیان بوو و منداڵە ٤ساڵانەکەیان بە ناوی ژیوان، دوکتور ئاروین مورەتەب و دوکتور ئایدا فەرزانە خەڵکی سنە کە هاوژین بوون، هەروەها سروە پەساوەند، سنوور پوور قادری، ئەوین ئەرسەلانی، هیوا مەولانی و کوردیا مەولانی خەڵکی مەهاباد و دوو هاووڵاتی کرماشانی کە ناوەکانیان لە بەردەستدا نییە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و خزم و کەسیان و خەڵکی شارەکانی سنە و مەهاباد و سەقز و کرماشان و سەرجەم خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.