کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری جەللادەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکێکی فەرهەنگی و هونەری سنەیی

14:56 - 19 بەفرانبار 2719

چالاکێکی فەرهەنگی وهونەری کورد "پەریسا سەیفی" کە ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەر لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ دانپێدانانی زۆرەملی لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری بەرپرسانی بەندیخانە و ئیتلاعاتی ڕێژیمدایە. بنەماڵەی پەریسا لە کاتی دەسبەسەرکردنی "پەریسا"وە تا ئێستا تەنیا یەک جار و بۆ ماوەی چەند خولەک توانیویانە ناوبراو ببینن وقسەی لەگەڵ بکەن، تەنانەت لە ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا پێوەندی تەلەفونیشیان لێ قەدەغەکردووە و بە بنەماڵەکەشیان ڕاگەیاندووە کە تەنیا بە مەرجی ڕازیکردنی کچەکەیان بۆ دانپێدانانی زۆرەملی، دەتوانن بیبینن. ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە ڕۆژانە دەیهێننە گرتنگەی "شەهرامفەڕ "و شەوانە دەیبەنەوە بەندیخانەی بەهارانی سنە. شایانی باسە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوبراویان بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەرکردووە، لە حاڵێکدا ئەوکچە کوردە ئەم تۆمەتانە بەدرۆ دەخاتەوە وتەنیا لە بواری فەرهەنگی و هونەریدا چالاکیی کردووە.