کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

03:16 - 21 بەفرانبار 2719

لە درێژەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەمریکا سزای تری بەسەر ئێراندا سەپاند. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوە و وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا نوێترین سزاکانیان بۆسەر ئێران ئاشکرا کرد. لەو کۆنفڕانسەدا وەزیری گەنجینەی ئەمریکا "ستیڤن منوچن " ڕایگەیاند، مەبەستی سەرەکی سەپاندنی ئەو سزایانە هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی تیرۆر لە جیهاندا. هەر لەو پێوەندیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، "مایک پۆمپێئۆ" ڕایگەیاند سزامان بەسەر ٨ بەرپرس و کەسی دیکەی ئێراندا سەپاندووە کە هاوکاری تیرۆرن لە عیراق و سووریا و ئەو سزایانەش بە ڕێژەی لە سەتا ٩٠ کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی چالاکییەکانی ئێران و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی . جێی ئاماژەیە لەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ناوی شەش کەس لە بەرپرسانی ئێران کە سزایان بەسەردا سەپاوە ئاشکرا کرا کە لە نێویاندا هەر یەک لە "عەلی عەبدوڵلاهی "،رێکخەری گشتی هێزە سەربازییەکان، "محەممەد ڕەزا ئاشتیانی" جێنشینی بەڕێوەبەری گشتیی هێزە سەربازییەکان، " موحسین قمی " جێگری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەفتەری ڕێبەری ئێران، " موحسین ڕەزایی" سەرۆکى ئەنجوومەنی دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى نیزام، "عەلی شەمخانی" نوێنەری عه‌لی‌ خامنەیی، لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، و "غوڵامڕەزا سلێمانی" بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیج لە ئێران ناویان هاتووە.