کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە وڵاتان گەشتی فڕۆکەکانیان بۆ ئێران ڕاگرت

04:14 - 21 بەفرانبار 2719

دوابەدوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرایینی لە گەشتی نێوان تاران و کییەف، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار ،کە بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی ١٧٦ کەس، ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرت. لەم پێوندییەدا ئەمڕۆ هەینی ، وڵاتی سوئید ڕایگەیاند، کە گەشتەکانیان لە نێوان ستۆکهۆلم و تاران ڕادەگرن. لەم پێوندییەدا ناوەندی گواستنەوەو هاتوچۆی سوئید ڕایگەیاند: "بەهۆی نیگەرانی دەربارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک لە نزیک تاران و پاراستنی ئەمنیەتی ژیانی خەڵکی مەدەنی بۆ ماویەکی کاتی گەشتەکەنمان بۆ ئێران ڕادەگرین" هەر لەم پێوندیەدا "گونار لئونبرگ" بەرپرسی ڕێکخراوی گواستنەوەو هاتوچۆی سوئید گوتی: " ئێمە دەزانین ئەو بڕیارە کێشە بۆ گەشتیاران دروست دەکات، بەڵام ئەمنییەتی ژیانی گەشتیاران گرینگترە". لە لایەکی تریشەوە کۆمپانیای گەورەی فڕۆکەوانی لوفتانزا ڕایگەیاند: "بە هۆکاری ناڕوونی ئەمنییەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران، گەشتەکانمان بۆ ماوەی چەند ڕۆژ ڕادەگرین". هەر لەم پێوندیەدا "دومینیک راب" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە بەریتانیەکان لە گەشت کردن بەرەو ئێران خۆیان بپارێزن. شایانی باسە ئەو بڕیارانە دوابەدوای ئەوە دێت کە ئەمریکا ئەگەری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکراینیەکەی گەڕاندەوە بۆ هێرشی موشەکیی ئێران بۆ سەر فڕۆکەکە.