کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ڕەتی دەکاتەوە لە عێراق بچێتە دەرەوە

14:04 - 21 بەفرانبار 2719

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت لە ئێستادا هەر شاندێک ڕەوانەی عێراق بکات تەنیا بۆ وتووێژکردنە لەسەر چۆنیەتی باشکردنی پەیوەندی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتە، نەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. مۆرگان ئۆرتێگاس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٠ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: "ئەمریکا هێزێکە بۆ هەمیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە. وەک مایک پۆمپـێئۆ وەزیری دەرەوە وتویەتی، بوونی لەشکری ئەمریکا لە عێراق بۆ بەردەاوم بوونە لە شەڕی دژی داعش. ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئەمریکایـیەکان، عێراقیـیەکان و هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانێتی. ئەرکی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش لە عێراق هیچ گومانی لەسەر نیـیە". ئۆرتێگاس هەروەها وتی: "لەم کاتەدا، هەر شاندێک ڕەوانەی عێراق بکرێت، تەنیا بۆ وتووێژکردنە لەسەر ئەوەی چۆن بە باشترین شێوە پابەندبین بە پەیوەندی ستراتیژی نێوانمان، نەک بۆ وتووێژکردن لەسەر کشانەوەی هێزەکانمان، بەڵکو مافی خۆمانە هێزێکی دیار بین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوێنێ شاندێکی ناتۆ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڕێ کەوت بۆ وتووێژکردن لەبارەی زیادکردنی ڕۆڵی ناتۆ لە عێراق، ئەمەش لەسەر خواستی سەرۆک ترامپ بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان و هەوڵدان بۆ بەرگری لە هەموومان". وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە گوتیشی پـێویستە وتووێژ لە نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق ئەنجام بدرێت نەک تەنیا سەبارەت بە ئاسایش، بەڵکو لە بارەی کەرتی دارایی و ئابوری و پەیوەندی دیپـلۆماسیش. ئەمریکا دەیهەوێ دۆست و هاوبەشی عێراقێکی خاوەن سەروەری و پێشکەوتوو و سەقامگیر بێت. جێگای ئاماژەیە ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوە پاش ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هات کە تیایدا نووسراوە عادل عەبدولمەهدی داوای لە مایک پۆمپـێیۆ کردووە نوێنەری خۆیان ڕەوانەی عێراق بکەن بە مەبەستی دانانی میکانیزمێک بۆ کشانەوەی هێزەکانیان.