کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی یەکێک لە خۆپێشاندەرانی ڕوانسەر بە سووتاوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە

14:27 - 21 بەفرانبار 2719

تەرمی سووتاوی هاووڵاتییەکی خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر کە لە خۆپێشاندانەکانی تاران ون ببوو، لە حاڵێکدا بە تەواوەتی سووتابوو، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی تەرمی “سەردار ئەعزەمی” خەڵکی بەشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە. سەردار ئەعەزەمی تەمەن ٤١ ساڵ، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی واتە یەکەم ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە شاری پەرەند سەر بە پارێزگای تاران ون ببوو و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نەبوو. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەعزەمی، تەرمی سەردار بە تەواوەتی سووتاوە و لەڕێگای تاقیکردنەوەی"دی ئێن ئەی" ناسراوەتەوە. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە نابێت ئەو هەواڵە بە مێدیاکان ڕابگەیەنن. سەردار ئەعزەمی لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەیان ماوەی ١٠ ساڵ بوو کە نیشتەجێی تاران بوون و لەوێ کرێکاری کردووە. بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی تاران، کرماشان و جوانڕۆ گیانیان لە دەست داوە. جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە نزیک بە  ٢٠٠٠کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزارکەس بریندا ر و دەسبەسەرکراون تا ئێستا تەرمی بەشێک لە دەسبەسەرکراوەکان لە قەراخ شارەکاندا دۆزراونەتەوە.