کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی خەڵکی تاران و مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی

01:10 - 22 بەفرانبار 2719

دوای سێ ڕۆژ درۆ و دەلەسە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەوڵدان بۆ داپۆشینی ڕاستییەکان، کاربەدەستانی ڕێژیم ناچاربوون لە ترسی بیروڕای گشتی، دان بە ڕاستییەکان دابنێن و بەرپرسایەتی خۆیان لە کوشتاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی مەدەنیی ئۆکراینی وەئەستۆگرت. ئەو ڕووداوە تاڵە بوو بەهۆی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە تاران کە خوازیاری ڕووخانی دەسەڵاتی ئاخووندەکانن. دوابەدوای پێکانی فڕۆکەی بۆئینگی ئۆکڕاین لە لایەن سپای پاسدارانەوە و کوژرانی ١٧٦ کەس لە گەشتیاران و کارمەندانی ئەو فڕۆکەیە لە بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردوو، تاران، پێتەختی ئێران شاهیدی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکاران و خەڵکی ئاسایی و وەزاڵەهاتوو لە درۆ و دەلەسەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بوو. سەدان کەس لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو پاش ڕاگەیاندنی پێکانی ئەو فڕۆکە مەدەنییە لەلایەن سپای پاسدارانەوە و بۆ دەربڕینی ڕق و بێزاری خۆیان لە کوژرانی هاووڵاتیانیان لە بەرانبەر زانستگەی 'ئەمیرکەبیر" گرد بوونەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە سەرکوتکەرەکانی سەر بە هێزەکانی سپای پاسداران، بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپێشاندەران تەقەیان لە خەڵک کردووە و گازی فرمێسک‌ ڕێژیان بەکارهێناوە بەشێک لە خوێندکاران و خەڵکی ئامادەبوو لە خۆپیشاندانەکان وێڕای بەدەستەوەگرتنی وێنەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە خوێناوییە، بۆ ڕێزلێنان وێنەی ئەوانیان بەرز کردبۆوە. هەروەها خۆپێشاندەران بەگوتنەوەی درووشمی، "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر" و چەندین دروشمی هاوشێوە، ڕق و بێزاری خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دەربڕی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵگرییەکان، کەشی ئەمنییەتی لە شەقامەکانی دەورووبەری زانستگای تاران زاڵە و هێزە سەرکوتکەرەکان چەند کەسێکیان قۆڵبەست کردووە. ئەمیری حاجی‌زادە، فەرماندەی هێزەکانی "هەوا‌فەزای" سپای پاسداران کە بەرپرسە لە کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە مەدەنییە، ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەو فڕۆکەیە لەلایەن ئەوانەوە خراوەتە خوارەوە و هێزە چەکدارەکان لێی بەرپرسن. ناوبراو ڕایگەیاند سیستەمی دژە هەوایی سپای پاسداران بەهەڵە ئەو فڕۆکەیەی لەگەڵ مووشەکی کرووز شوبهاندووە. سێ ڕۆژ پاش ئەو ڕووداوە خەڵکی لە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی چەواشەکاری ئەو ڕێژیمە دەپرسن کە تاکەی دەتانەوێ لەسەردەسەڵات بمێننەوە و درۆمان لەگەڵ بکەن.