کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکا ن بە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێرانەوە

13:58 - 22 بەفرانبار 2719

دوای تێك‌شکاندنی فڕۆکەیەکی مەدەنی لە گەشتی نێوان تاران _ کیێف لە لایەن سپای پاسدارانەوە و دەرکەوتنی ڕاستییەکان،ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، خوێندکارانی زانستگەی ئەمیر کەبیری تاران ناڕەزایەتی خۆیان لە کردەوە و سیاسەتی چەواشەکارانەی ڕێژیم دەربڕی. شەوی ڕابردوو خوێندکارانی زانستگەی ئەمیر کەبیر، بۆ جارێکی تر ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی چەواشەکارانە و سەرکوت و داپڵۆسینی ئەو ڕێژیمە دەربڕی. هەر دوابەدوای ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکاران، خەڵک لە شارەکانی ئیسفەهان، مەشهەد، ڕەشت و هەمەدان هاتنە سەر شەقامەکان و بە دروشمی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ئیستیعفا ئیستیعفا، سلێمانی قاتڵە، ڕێبەرەکەشی جاهیلە و کۆمەڵێک دروشمی دیکە دژ بە ڕێژیمی ئاخوندەکان تا درەنگانی شەو درێژەیان بە خۆپێشاندانەکان دا. لەگەڵ ئەوەی کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم هەروەک ڕابردوو ویستیان بڵاوە بە خۆپێشاندانەکان بکەن، بەڵام خەڵک لە بەرانبەریاندا وەستانەوە و ڕوو بە هیزە سەرکوتکەرەکان دروشمیان دا. هەر لەنێو خۆپێشاندانەکاندا باڵوێزی بریتانیا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. لەگەڵ دەرکەوتنی ڕاستیەکانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە مەدەنییەکە و ناڕەزایەتی جەماوەر، دوو کەس لە بێژەرانی دەنگ و ڕەنگ (صدا و سیما)ی کۆماری ئیسلامی وازیان لە کارەکەیان هێنا. بەشێک لە هونەرمەندان وەک پەرەستوو ساڵحی، هەدیە تێهرانی، مەسعوود کیمایی، جەعفەر پەناهی و ئانیە تەوەسولی بەشداری ئەو خۆپێشاندانانەی ئێوارەیڕۆژی شەممە بوون. هەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک لە ئەکتەر و دەرهێنەر و نێوبژیوانانی سینەما وەک عەلی کیمیایی بڕیاریاندا لە فیستیڤاڵی "فەجر"دا بەشداری ناکەن. یاریزانانی وەک وریا غەفووری، عەلی دایی و عەلی کەریمی پشتیوانی خۆیان لە خۆپێشاندەران دەربڕی. وریا غەفووری لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا نووسی: " ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبووە لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە مەدەنییەکە، و هەروەها کارمەندانی تەلەڤزیۆنی سەدا و سیما کە بە ئاشکرا درۆیان تەحویلی خەڵک داوە، دەبێ دادگایی بکرێن ". دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تویتێکدا بۆ جارێکی تر پشتیوانی خۆی لە خۆپێشاندەران و خەڵکی ئێران دەربڕی.