کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهدی کەڕووبی: خامنەیی بە پێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی هیچ پێوەرێکی ڕێبەریی تێدا نییە

14:00 - 22 بەفرانبار 2719

مەهدی کەڕووبی سەرۆکی چەند دەورەی پێشووی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی کە پاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەگەڵ میرحوسێنی مووسەوی دەسبەسەرکران و کاربەدەستانی ڕێژیم بە سەرانی فیتنە ناویان دەبەن، لە توندترین نامەیدا بۆ خامنەیی، ناوبراو بە کەسێکی شیاو بۆ ڕێبەر بوون نازانێ و خوازیاری دەست لەکار کێشانەوە و سزادانیەتی. کەڕووبی لە درێژەی نامەکەیدا دەنووسێ کە پاش دەستێوەردانی ئاشکرای خامنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی و کوشتنی خۆپیشاندەران بە فەرمانی ناوبراو، سەرکوت و کوشتاری خۆپێشاندەران لە ساڵی ٩٦، سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و بێ دەسەڵات بە وەحشیانەترین شێوە لە خەزەڵوەری ئەمساڵداو لە ئاخرین جینایەتیشدا خستنە خوارەوەی فڕۆکەی مەدەنی ئۆکڕاینی و کوشتنی ١٧٦ کەسی بێتاوان بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەیی، تەنانەت ئەگەریش بڵێ ئاگام لێ نەبووە بە جۆرێکی دیکە دەچێتە ژێر پرسیارەوە و ئەم پرسیارە دێنێتە گۆڕێ کە چۆن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نابێ ئاگای لە جینایەتی هێزەکانی ژێردەستی بێت. هەربۆیە هەر بە پێێ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی خامنەیی کەسێکی نەشیاوە و دوورە لە ژیری و بوێری و یەکسانیخوازی و بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵات هەموو جینایەتێک ئەنجام دەدا.