![](/files/tord-kandaaa.jpg)
جا‌ستین ترۆدۆ، سه‌رۆک وه‌زیرانی كانادا دووپاتی كرده‌وه، ده‌بێ کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رگه‌ی ته‌واوی به‌رپرسیارەتی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكراینییه‌كه له‌ئه‌ستۆ بگرێت و پێویسته قه‌ره‌بووی بنەماڵەی قوربانیانی ئه‌و كاره‌ساته‌ش بكاته‌وه و جه‌ختیشی له‌سه‌ر گەرەنتیی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیر له‌و ڕووداوه كرده‌وه.
ترۆدۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی: “هێشتا كۆمه‌ڵێک پرسیار له‌باره‌ی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكراینییه‌كه له مێشكی‌دا هه‌ن كه تا ئێستا وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه، دووپاتیشی كرده‌وه، “پێویسته وەڵامی ڕوون و ئاشكرای ئه‌و پرسیارانه‌ی بدرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه دڵنیا بین كه ئه‌و كاره‌ساته به هه‌ڵه ڕوویداوه یان نا.
سه‌رۆک وه‌زیرانی كانادا جه‌ختی كرده‌وه، خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی كارێكی تۆقێنه‌ره و پێویسته بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ته‌واوی به‌رپرسیارەتییه‌كه له ئه‌ستۆ بگرن، ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: “قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانیانی كاره‌ساته‌كه به‌شێكی ڕێكاره‌كانه، كه پێویسته جێبەجێ بکرێ.
سه‌باره‌ت به‌و خۆپێشاندانانه‌ش كه له ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته له تاران سه‌ریان هه‌ڵداوه، ترۆدۆ گوتی: “نه‌ک هه‌ر ته‌نیا خه‌ڵكی ئێران، به‌ڵكو پێویسته ته‌واوی جیهان داوای وەڵامی ڕاسته‌قینه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان ئاشكرا بن و به‌رپرسانی كاره‌ساته‌كه‌ش سزا بدرێن”.