کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران

16:04 - 22 بەفرانبار 2719

خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران کە لە پێوەندی لەگەڵ خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕایینیەکە لە زانستگەی ئەمیر کەبیر لە تاران دەستیان پێکرد، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. هەر یەک لە دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جارێکی تر پشتیوانی خۆیان لە داواکارییەکانی گەلانی ئێران دەربڕی. دۆناڵد تڕامپ ڕایگەیاند کە هەروەک لە سەرەتای هاتنە سەر کارمەوە بەڵێنیم بە خەڵکی ئێراندا کە پشتیوانی لە ویست و داواکاریەکانیان دەکەم، بۆ جارێکی تر ڕایدەگەیەنم کە پشتیوانی خەڵکی ئێرانم. مایک پۆمپیئۆ ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانبار لەسەر خۆپێشاندانەکەی تاران لە تویتێکدا نووسی: " خەڵکی ئێران لە دەست خامنەیی وەزاڵە هاتوون". ناوبراو لە درێژەی تویتەکەیدا بە بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆیەک لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە کاتی لە ئەستۆگرتنی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە بە مووشەکی سپای پاسداران، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ئێرانە. ناوبراو ڕایگەیاند کە داواکاریی خەڵکی ئێران ڕوون و ئاشکرایە، خەڵک لە درۆی کاربەدەستانی ڕێژیم، گەندەڵی، خەمساردی و وەحشیگەری سپای پاسدارانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیی سەرۆکی دزەکان وەزاڵە هاتوون. لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا هاتوە کە ئێمە پشتیوانی خەڵکی ئێرانین و خەڵکی ئێران شایستەی ژیانێکی باشترن.