کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی کرێکارێکی شنۆیی لە هەولێر

16:11 - 22 بەفرانبار 2719

کرێکارێکی کوردی خەڵکی شنۆ لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بەهۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە باشووری کوردستان لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی "نەجمەدین ئەحمەدپوور" کوڕی "ئەبووبەکر" خەڵکی گوندی "گردکاشانـ"ـی ناچەی شنۆ کە لە هەولێر کرێکاریی دەکرد، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ـی بەفرانبار لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هۆکاری خۆکوشتنی ئەو لاوە کوردە ڕوون نییە و هەروەها تا ئێستا تەرمی ناوبراو ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. نەجمەددین ئەحمەدپوور بەهۆی نەبوونی کار و بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان ڕووی کردبووە باشووری کوردستان کە بە هۆکاری ناڕوون کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. شایانی باسە کە خۆکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەربڵاو پەرەی سەندووە و بەداخەوە بووەتە دیاردەیەک و بە ئاسانی ناکرێ پێشی پێ بگیررێ. نەبوونی سەرچاوەی کار و بژێویی ژیان وای کردووە کە ساڵانە سەدان کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵات ڕوو دەکەنە باشووری کوردستان و بۆ پەیداکردنی بژیویی ژیان، کرێکاری و کاری قورس دەکەن و لە دۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن.