کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوقم بوونی دەیان کۆچبەر لە ئاوەکانی نێوان یوونان و ئیتالیا

17:08 - 22 بەفرانبار 2719

پۆلێک لە پەنابەران کە دەیانویست لە ئاوەکانی یوونانەوە بگەنە ئیتالیا لە ڕووداوێکدا نوقم بوون. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، ئەمڕۆ ٢٢ـی بەفرانبار، کاتژمێر ٩ـی سەرلەبەیانی پۆلێک لە پەنابەران لەکاتی کۆچ‌کردندا کە لە وڵاتی یوونانەوە دەیانویست بگەنە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتالیا، لە نزیک دوورگەی "پاکسۆس" لە ڕووداوێکدا بەلەمەکەیان نوقم بوو و زیاتر لە ٣٠ کەسیان خنکان و بێسەروشوێن بوون. جێگای ئاماژەیە کە بەشێک لەو پەنابەرانە کورد بوونە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو بارەوە بڵاو نەکراوەتەوە. شایانی باسە کە ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت ئێران، بەرەو وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی کۆچ دەکەن کە زۆربەیان بەشێوەی قاچاخ، لە وڵاتی یوونان و تورکییەوە دەڕۆن و داوای پەنابەری لە وڵاتانی ئورووپایی دەکەن. زۆر لەو کەسانە یا تووشی ڕووداوگەلێکی دڵتەزێن دەبن یان ناتوانن ئیقامەی پەنابەریی ئەو وڵاتانە وەربگرن و بۆ وڵاتەکانیان دیپۆرت دەکرێنەوە یا بۆ ماوەیەکی زۆر لە چارەنووسێکی نادیار و چاوەڕوانیدا ژیانێکی سەخت تێپەڕ دەکەن.