کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێرانەوە

14:09 - 23 بەفرانبار 2719

  دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بووینگی ئۆکرایینی لە لایەن هێزی هەوایی سپای پاسدارانەوە، خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بۆ جارێکی تر دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەریان هەڵدایەوە. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەلانی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕایینیەکە و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ماوەیەکی کورتدا زۆر شاری ئێرانی گرتەوە. تارانی پێتەختی ئێران ناوەندی ئەسڵی خۆپێشاندانەکانە و تا ئێستا لە چەند شوێنێکی ئەو شارە خەڵک هاتوونەتە سەرشەقامەکان و دروشمی جۆراوجۆری وەک، " مرگ بر ستمگر، چە شاە باشە چە رهبر، مرگ بر خامنەیی، حکومت سپاهی نمیخواهیم نمیخواهیم، این است شعار مردم رفراندوم رفراندوم، ننگ ما ننگ ما رهبر الدنگ ما" و  زۆر دروشمی دیکەی لەو بابەتە. هەڵوێستی بوێرانەی خەڵک لە بەرابەر هێزە سەرکوتکەرەکاندا و دڕاندن و ژێرپێخستنی وێنە و پۆستێرەکانی خامنەیی و قاسم سلێمانی دەنگدانەوەی زۆری لە مێدیا جیهانییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. کۆماری ئیسلامی کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا ویستی قارەمانێکی ئەفسانەیی لە قاسم سلێمانی تێرۆریست دروست بکا، ئەمڕۆ لە لایەن خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێرانەوە پۆستێرەکانی سووتێنران و خۆپێشاندەران بە قاتڵ ناویان برد. دوای ئەوەی کە دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تویتێکدا بە زمانی فارسی نووسی كە "خەڵكی ئێران بوێرو زوڵم  لێكراون و دەوڵەتی ئەمەریكا پشتیوانیان لێدەكا"، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاتە دەنگ و گوتی نابێ تڕامپ بە زمانی فارسی تویت بکا. لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی ئێران و کوردستان، سەدان کەس تا ئێستا دەسبەسەر کراون و لەشاری کرماشان "سیاوەش حەیاتی" ئەندامی شوڕای بەرەی یەکگرتووی کورد دەسبەسەر کراوە. هەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هیزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە چەند کەس لە خۆپێشاندەران بریندار بوون.