کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی وڵاتانی ئورووپایی لە ئێران بۆ پێبەندبوون بە ڕێککەوتنی بەرجام

14:37 - 23 بەفرانبار 2719

سێ وڵاتی فەڕانسە و بریتانیا و ئاڵمان ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ـی بەفرانباری ١٣٩٨ـی هەتاوی، بۆ جارێکیتر داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە پێبەند بێ بە ڕێکەوتنی بەرجام و بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی ڕێککەوتنەکە. ڕێبەرانی ئەو سێ  وڵاتە  پێداگریان لەسەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە پێنج خاڵی ڕێککەوتنەکەی پێشێل نەکردبوو. ئەو سێ وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە لەو حاڵەتەی ئێستا نیگەرانن و لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە هەموو لایەنەکانی بەرجام لە جێگەی خۆیانن و کۆماری ئیسلامیش دەبێ یاساکانی بەرجام پێشێل نەکا تاکوو لەسەر ئەو ڕێکەوتنە بگەن بە ئاکامێکی باش و هەمەلایەنە. ڕێبەرانی سێ وڵاتی فەڕانسە و بریتانیا و ئاڵمان لە درێژەدا ڕایانگەیاندووە کە بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ڕێگەیەکی دیپلۆماتیک و بەهێزەوە هەوڵ بدەن و سەبارەت بە کار و کردەوە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە  ناوچە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن تاکوو ئەو ڕێژیمە بە ئاسانی نەتوانێ بە کەیفی خۆی لە ناوچەکەدا مانۆڕ بدات. شایانی باسە کە وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەت سێ وڵاتی ئاڵمان و بریتانیا و فەڕانسە سوورن لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی پێبەندی ڕێککەوتنی بەرجام بێ بەڵام کۆماری ئیسلامی تا مانگی گوڵانی ئەمساڵ پێنج بڕگەی ڕێکەوتنەکەی پێشێل کردووە.