کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵح موسلیم: بە کوژرانی قاسم سلێمانی حکوومەتی سووریە لاواز دەبێ

15:40 - 23 بەفرانبار 2719

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دێموكراتی كە ئێستا بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەو حیزبەیە، پێی وایە بە كوژرانی قاسم سلێمانی، ڕێژیمی سووریا لاواز دەبێ‌ و دواجار ناچار دەبێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات. ساڵح موسلیم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (ڕووداو) بەدووری دەزانێ‌ كە ڕۆژئاوای كوردستان ببێتە مەیدانی ململانێی ئەمریكا و ئێران، چونكە ئەمریكاییەكان لەوێ‌ كشاونەتەوە و دەڵێت ئەگەر شەڕ لە نێوانیان ڕوو بدات، ئەگەری زیاترە عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی ئەو دوو وڵاتە. ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر کوژرانی قاسم سلێمانی دەڵێ: "سلێمانی دەستی شاراوەی ئێران بوو لەناو سووریادا. چەندین ڕێكخراوی وەكو (زەینەبیوون و فاتمیوون) لەژێر فەرمانی ئەودا كاریان دەكرد. لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە كاریگەریی زۆری لەسەر ڕێژیمی سووریا هەبوو. پشتیوانییەكی گەورە بوو بۆ ڕێژیمی سووریا. كوشتنی سلێمانی بە زیانی ڕژێمی سووریا تەواو دەبێ. ئەگەر دیمەشق تا ئەمڕۆ لەبارەی مەسەلەی كورد لۆژیک و هەڵوێستی نەگۆڕیوە، دانیشتن و دیالۆگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر قبووڵ نەبوو، لەبەر ئەوە بوو كە پشتی بە ئێران دەبەست. پێموایە كوشتنی سلێمانی تا ڕادەیەک ڕێژیمی سووریە لاواز دەكات، لەوانەیە ببێتە هۆكارێک  بۆ ئەوەی واز لە هەڵوێستی توند بێنێ و دانوستاندن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر قبووڵ بكات. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چەند ساڵێکە بۆتە هۆی ڕاگرتنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و بۆتە هۆکاری کوشتنی سەدان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە میلیۆنان کەس لە خەڵکی سووریە. قاسم سلێمانی یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەستی بە خوێنی منداڵانی سووریە سوور بوو و بوو بە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە. کوژرانی ئەو تێرۆریستە، کەمبوونەوەی یەکێکی دیکە لە تێرۆریستانی ناوچەکەیە وەک ئەبووبەکر بەغدادیی کە ببوونە هۆی نەهامەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تۆوی شەڕ و تێرۆر و ناکۆکیان خستۆتە نێو گەلانی ئەو ناوچەیە و ڕەنگە دەیان ساڵی پێ بچێ هەتا ئاسەواری بیر و فکری ئەو دوو تێرۆریستە و تێرۆریستەکانی هاوبیریان لەنێو بچێ و خەڵکی ئەم ناوچەیە ئارامی بە خۆیانەوە ببینن.