کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەتکردنەوەی سەلاحییەتی ١٥٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیس

16:11 - 23 بەفرانبار 2719

ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتی ئەندامانی ئێستای مەجلیسی شورای ئیسلامی بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنەکانی دەورەی یازدەهەمی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی. شوڕای نیگابانی کۆماری ئیسلامی ڕێژەیەکی زۆری لە نوێنەرانی مەجلیسی بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنەکانی دەوری یازدەهەمی ڕەت کردۆتەوە و هەر ئەو کارەش بۆتە هۆی ئەوەی کە میدیاکانی ئێران زیاتر سەرنج  بدەنە سەر هەڵبژاردنەکان. "قاسم میرزایی نکوو" نوێنەری شاری تاران بە هەواڵدەریی "ئیرنا"ـی ڕاگەیاندووە کە ڕێژەیەکی زۆری نوێنەرانی ئێستای مەجلیس، لەلایەن شوڕای نیگابانەوە سەلاحییەتی ئەوەیان پێ نەدراوەتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی دەوری یازدەهەمدا خۆیان بەربژێر بکەن. کەسانێک وەک "عەلی موتەهەری"، " مەحموود سادقی"، "غوڵامڕەزا حەیدەری"، "فاتمە سەعیدی" و "تەییبە سیاوەشی" و چەند کەسێکی دیاری دیکە لەو کەسانەن کە سەڵاحییەتیان ڕەتکراوەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە سەلاحییەتیان پێ نەدراوەتەوە، لە هەر دوو باڵی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازن. هەواڵدەریی"فارس" بڵاوی کردۆتەوە کە ئەو کەسانەی سەڵاحییەتیان ڕەتکراوەتەوە زۆربەیان لە باڵی بناژۆخوازی ڕێژیمن. هەروەها ٢٩ کەس لە نوێنەرانی ئێستای مەجلیسی کۆماری ئیسلامی خۆیان بەربژێر ناکەنەوە و بە قسەی خۆیان بڕوایان بە حکوومەت و کۆماری ئیسلامی نەماوە. هەواڵدەریی "ئیسنا"ـش لەوبارەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە "جەلیل ڕەحیمی ‌جەهان‌ئابادی"، بەرپرسی فراکسیۆنی سوننەکانی مەجلیسیش لە ناو لیستەکە دایە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لە خەڵک کردوە کە هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن و لە پڕۆسەی دەنگداندا بەشداری نەکەن.