کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دوکتۆر جەلال حاجی‌زادە لە سەردەشت

22:37 - 23 بەفرانبار 2719

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دوکتۆر جەلال حاجی‌زادە ناسراو بە ڕامان، توێژەر، نووسەر و چالاکی مەدەنی و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرای زانستە سیاسییەکان لە شاری سەردەشت بە هۆی سەکتەی دڵ گیانی لە دەست دا. ڕامان حاجی زادە چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادمیکی لەسەر پرسی کورد کردووە و بە بەردەوامی وتارەکانی لە گۆڤارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بوونەتەوە. دوکتۆر حاجی‌زادە لە دوایین وتاری خۆیدا لە ژێر ناوی "دەستپێکێک لەسەر زەینی کوردی" بە شێوەیەکی ئاکادمیک و زانستی پرسی کورد و سۆسیۆلۆژی کوردی هەڵسەنگاندبوو و لێکدانەوەی بۆ کردبوو. چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە لە لایەن ئیتلاعاتی سەردەشتەوە ماوەیەکی زۆر بووە لە ژێر گوشار دابووە و بە بەردەوامی بانگی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە. دوکتۆر جەلال لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لەسەر قاسم سلێمانی نووسیبووی: " قاسم درێژەپێدەری عەقڵی ئێرانی بوو کە لە داریووش بەملاوە خۆی لە پەرەسەندنی نیزامی دا دەدیتەوە و قوربانی سەرەکی ئەو سیاسەتەش کوردەکان بوون.... لە کۆتاییدا نووسیبووی کە بە مردنی قاسم ئەو سیاسەتەش کۆتایی پێدێ. لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی بە هۆی سەکتەی دڵەوە باسکراوە، بەڵام هێندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە پیلانی ئیدارەی ئیتلاعات بێ و دەستی کاربەدەستانی ڕێژیمی تێدابێ. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕیزی دوکتۆر جەلال حاجی‌زادەو خزم و کەسی و خەڵکی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.