کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە ئاڵۆزییەکانی ئێرانەوە

14:52 - 24 بەفرانبار 2719

لەگەڵ ئەوەی کە لە تەمەنی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەو ڕێژیمە قەت بێ کێشە و گرفت نەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە کێشە و ئاڵۆزییەکان لە هەموو کات زیاتر پەرەیان سەندووە. خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران لە پاییزی ڕابردوودا و کوژرانی قاسم سلێمانی و خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکڕایینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، ئێرانی بەرەو ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی زیاتر بردووە و لەگەڵ ئەوەی کە هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە هیچ جینایەتێک خۆیان ناپارێزن ، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەدەست ئەو ڕێژیمە، شەقامەکان چۆڵ ناکەن و داوای دەستەبەر کردنی مافەکانیان دەکەن. لە تازەترین لێدوانیدا، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆمار بە هاوڕێیەتی تیمەکەی دەیهەوێ سنوورێک بۆ فراوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی دابنێ. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا گوشاری خستۆتە سەر کۆمپانیا چینییەکان کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن، چیتر نەوتی ئێران نەکڕن و بەم بڕیارەش فرۆشتنی نەوتی ئێران لە سەتا ٩٥ کەم دەبێتەوە. لە پێوەندی لەگەڵ تێکشکاندنی فڕۆکە ئۆکڕایینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە، وەزیری دەرەوەی ئۆکڕاین ڕایگەیاند کە بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە ی داهاتوو کاربەدەستانی ئەو پێنج وڵاتە کە خەڵکی وڵاتەکانیان لە فڕۆکەکەدا بوونەتە قوربانی، بۆ بڕیاردان و گرتنەپێشی ڕێگەیەکی یاسایی کۆببنەوە. هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆک وەزیرانی کانادا ڕایگەیاند کە تا عەداڵەت جێبەجێ نەکرێ، بێدەنگ نابین. هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکڕاین ڕایگەیاند کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە دەمانزانی کە فڕۆکەکە بە مووشەک لێیدراوە، بەڵام نەمانویست لەگەڵ هیچ کۆسپێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرەوڕوو بێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ماوەی سێ ڕۆژە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بەردەوامن و تا ئێستا چەند شار و شارۆچکەی گرتۆتەوە. خۆپێشاندەران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و شەخسی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دروشم دەدەن و داوای ڕێفڕاندۆم و وەلانانی ئەم ڕێژیمە دژی گەلی و خوێنڕێژە دەکەن. لە شاری کرمان شوێنی لەدایکبوونی قاسم سلێمانی تێرۆریست، خەڵک خۆپێشاندانیان وەڕێخست و دژی ڕێژیم و عەلی خامنەیی دروشمیان دا. یەکێک لە دروشمی خۆپێشاندەران بریتی بوو لە " این همە سال جنایت، مرگ بر این ولایت"، هەروەها داوای دەست لە کارکێشانەوەی عەلی خامنەییان کرد. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم لە کاتی کوژرانی قاسم سلێمانیدا دەهۆڵی پڕوپاگەندەی هەڵگرتبوو کە خەڵکی ئێران و بە تایبەت کرمان هەموویان پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی دەکەن و بۆ کوژرانی قاسم سلێمانی داخدارن.لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم ویستی قاسم سلێمانی جینایەتکار بکاتە پیاوێکی ئەفسانەیی، لە هەمان کاتدا پۆستێرەکانی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە هێنرانە خوار و کەوتنە ژێر پێی خەڵکی بێبەش لە ماف و ئازادییە ئینسانییەکان. شایانی باسە کە دروشمی خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەدا ڕادیکاڵتر بوون و وەک هەمیشە بوێرانە دژ بە "ولایەتی فەقی" دروشمیاندا و زۆر لە نووسەران و هونەرماندان و سیاسەتمەداران چالاکانەتر لە پێشوو دژ بە ڕێژیم و شەخسی خامنەیی هەڵوێستیان گرت.