کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کران

15:01 - 24 بەفرانبار 2719

دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان و کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵدا دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە ١٥ ساڵ بەندکران حوکم دران. بەپێی ئەو هەواڵەی کە بە ماڵپەڕی "کوردستان و کورد" گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ـی سەرماوەزی ٩٨ـی هەتاوی، "موبین مورادی" خەڵکی کرماشان، بە تۆمەتی هاوکاری‌کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام بە ٦ ساڵ بەندکران حوکم دراوە. ئەو هاووڵاتییە کوردە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی ١٨ـی هەمان مانگ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لێکراوە و بە دانانی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە، بەشێوەی کاتی ئازاد کرا و ئێستا بۆ تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کراوەتەوە. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری مەریوان هاووڵاتییەک بە ناوی "پشتیوان ئەفسەر" لەلایەن لقی ٣ـی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزامدا بە ٩ ساڵ بەندکران حوکم درا. جێگای ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە مەریوانییە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ـی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی تا کاتی حوکمەکەی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. هەروەها بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٣ـی سەرماوەز، "موحەممەد خاتری" هاووڵاتیی کورد بۆ تەواوکردنی ماوەی زیندانیەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی کامیاران کرا. ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای سنەوە بە یەک ساڵ بەندکران حوکم دراوە.