کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسێکی دیکە لە واژۆکەرانی نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خامنەیی حوکم درا

15:07 - 24 بەفرانبار 2719

ڕەزا مێهرەگان چالاکی مەدەنی و لە واژۆکەرانی نامەی دەست لە کار کێشانەوەی عەلی خامنەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لەلایەن دادگای ئینقلاب حوکمی بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربە شەلاقی بە سەر داسەپا. دوای ئەوەی دەستەیەکی ١٤ کەسی لە چالاکانی مەدەنی لە نامەیەکدا خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێڕان بوون، دەسبەسەر کران و حوکمی بەندکرانیان بە سەر داسەپا. "ڕەزا مێهرەگان" چالاکی مەدەنی و یەکێک لە واژۆکەرانی ئەو گرووپە ١٤کەسیەیە کە لەلایەن داگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٧ساڵ بەندکران و ٧٤ زەربە قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە (تبعید) بۆ گوندی جەعفەراوا" لە ئارین شاری خوراسانی باشوور، حوکمدرا. عەلی شەریفزادە" پارێزەری ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو حوکمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزاکانی ئیسلامی دەبێ پێنج ساڵ لە سزاکەی بکێشێ. شایانی باسە کە "ڕەزا مێهرەگان" لە واژۆکەرانی نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەرمانان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارستانی ڕامسەر لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کرا. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ١٤ کەس لە  چالاکانی مەدەنی و مافی ژنان بەهۆی نایەکسانی، ناعەداڵەتی و کێشەی ژنان لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک داوای دەست لەکارکێشانەوەی عەلی خامنەییان کرد کە بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیم ئەو کەسانەیان بە تۆمەتی نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لە نیزامد و تەبلیغ دژی ڕێژیم مەحکووم کرد. ناوەندەکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و دەوڵەتی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەهۆی سەرکوت کردنی چالاکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی چالاکان و ڕۆژنامەنووسان بوون. شایانی باسە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەزارن کەس لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، کرێکاری و ئەسناف لە ئێران دەسبەرکراون و لە گرتووخانەکان پەستێنراون .