کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەر و کەسایەتییەکی دێموکڕات لە شاری بانە

17:05 - 24 بەفرانبار 2719

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانبار کاک "خەلیل دەوڵەتی" یەکێک لە تێکۆشەرانی دێرینی دێموکڕات، دوای ساڵانێکی درێژ تێکۆشان و چاوەڕوانیی دیتنی ڕزگاربوونی نەتەوەکەی لە تەمەنی٩٣ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. مام خەلیل دەوڵەتی هەر لە ساڵەکانی یەکەمی دوای دامەزرانی حیزبی دێموکرات بۆ خەبات لە پێناو ڕزگاری گەلەکەی چووە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و لە تەواوی ساڵانی تێکۆشانیدا بێ دوو دڵی ئەرکە پێ‌سپێردراوەکانی ڕادەپەڕاند، دوای سالانێک تێکۆشانی بەردەوام، لە ساڵی ١٣٣٨ یەکێک بوو لەو ئەندامە دڵسۆزانەی حیزب کە کەوتە بەر پەلاماری پۆلیسی ئەمنییەتی ڕێژیمی شا و دەسگیرکرا، دواتر ڕەوانەی زیندان کرا و داستان پاکی و خۆڕاگری ناوبراو لە ماوەی خەبات و لە زینداندا هەمیشە لە بیری هاوبیران و هاوبەندییەکانیدا بوو. جگە لە بەشداریی ناوبراو لە خەبات و تێکۆشانی سیاسیدا، بوونی تایبەتمەندییە بەرزە ئینسانییەکان وەک ڕاستگۆیی  لە ژیان و کرداردا مام خەلیل دەوڵەتی کردبووە کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی باوەڕ تەنانەت لە نێو جیلەکانی دوای خۆشی  هەموو بەڕێزەوە سەیری ئەم کەسایەتییە دێموکڕاتە دەکەن کە تەواوی ساڵانی تەمەنی وەفادار بە ڕێبازەکەی پێشەوا و حیزبەکەی مایەوە و بە ئومێدەوە دەیڕوانیە داهاتوو. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری مام خەلیل دەوڵەتی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.