کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری ئەنجومەنی ڕۆژنامە‌نووسانی تاران لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان

17:09 - 24 بەفرانبار 2719

ئەنجوومەنی ڕۆژنامەنووسانی تاران ڕایگەیاند کە هەواڵنێران دەبێ بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەربەستێک هەواڵ و ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوەکان ئامادە بکەن. ئەنجومەنی ڕۆژنامەنووسانی تاران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە ڕایگەیاندووە کە هەواڵنێران دەبێ بێ هیچ تێبینییەک هەواڵ لەسەر ڕووداوەکان ئامادە بکەن. ئەو ئەنجومەنە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە میدیاکانی ئێران لە ئێستادا خەریکن متمانەی خەڵک لەدەست دەدەن. میدیا و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان دەبێ لە خزمەت ئاگادار کردنەوەی خەڵکدابن و هەواڵەکان بە دروستی بە خەڵک بگەیەنن. ڕۆژی دووشەممە ٢٣ـی بەفرانبار هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا" بڵاوی کردەوە کە ئەنجوومەنی ڕۆژنامەنووسانی تاران ڕاگەیێندراوێکیان سەبارەت بە تێکچوون و خراپ کەڵک وەرگرتن لە مێدیاکانی ئێران بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ئەنجوومەنەدا باس لەوە کراوە، لە کاتێکدا کە خەڵک سەردێڕی هەواڵی چەواشەکارانەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینیان بە مووشەک دەخوێندەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕێژیم بە ئاشکرا دەڵێ ئێمە بە مووشەک و بە دەستی خۆمان فڕۆکە ئوکراینییەکەمان خستووەتە خوارەوە. شایانی باسە کە ئەنجوومەنی ڕۆژنامەنووسانی تاران لەسەر ئەو شێوە کەڵک وەرگرتنەی ڕێژیم لە ڕاگەیاندنەکان و شاردنەوەی ڕاستییەکان و درۆ و فڕوفێڵ و چەندین کێشەی دیکەی ڕۆژنامەوانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە بەبێ هیچ تێبینی و بەربەستێک هەواڵی ڕووداوەکان بڵاو بکەنەوە. تەواویی ڕاپۆرتەکانتان لەسەر ڕووداوەکان بنووسن تەنانەت لە ئێستادا کە یاسا ڕێگەتان پێنادا. جێگای ئاماژەیە کە دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە، ڕێژیم لە سەرەتادا چەواشەکارانە ویستی ڕاستیی ڕووداوەکە لە خەڵک بشارێتەوە بەڵام خەڵک و مێدیاکان ڕاستییەکانیان ئاشکرا کرد و دژ بەو سیاسەتە چەپەڵەی ڕێژیم هاتنە سەر شەقامەکان و مێدیاکانیان کردە گۆڕەپانی ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و دژایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.