کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەهەمبەر کارەساتی فڕۆکە ئۆکڕاینیەکە

17:10 - 24 بەفرانبار 2719

شەپۆلی ناڕەزایەتی دەربڕین و دەست لەکارکێشانەوەی هونەرمەندان، وەرزشوانان ،سینەماکاران، ومیدیاکاران و خوێندکاران لە ئێران بەشێوازی جیاجیا بەردەوامە. لەدرێژەی ناڕەزایەتی دەربڕین و دەست لەکارکێشانەوەی چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی ئێران لەهەمبەر خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیم و هەروەها سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێکی بەرچاو لە کەسە دیارەکانی کۆمەڵگەی ئیران لە چین و توێژە جیاوازەکان لە هونەرمەندان، وەرزشوانان، سینەماکاران، میدیاکاران و خوێندکاران، وەکوو "شەهرام نازری، نەوید محەممەدزادە، ڕەخشان بەنی ئێعتێماد، فاتیمە موعتەمێدئاریا، مەسعوود کیمیایی، پێگا ئاهەنگەرانی، سارا بەهرامی ، ئەفسانە ماهیان، عەلیڕەزا قوربانی، کەیوان ساکیت وریا غەفووری" و دەیان کەسی دیکە لە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان یان بە نووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان بە دەست لەکارکێشانەوەی یەکجاری و یان بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرت و بەشداری نەکردنیان لە فیستیواڵە حکوومەتییەکاندا وەکوو" فیستیواڵی فەجر" ناڕەزایەتی توندی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە. شایانی باسە کە پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە ناوی" گلارە جەباری" پاش دەست لەکارکێشانەوەی نووسیویەتی: "داوای لێبوردن دەکەم بە بۆنەی ١٣ ساڵ درۆکردنم لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا لە گەڵ خەڵکی خۆم و بەم جۆرە دەست لەکاردەکێشمەوە".