کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنی لە دێولان

01:05 - 25 بەفرانبار 2719

دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنی لە دێولان لە درێژەی دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنیی و سیاسیی لە کوردستان، دوو چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنە دەسبەسەر کران. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، "سیروس عەبباسی"چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاری دێولان لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی "فەریدە وەیسی " یەکێک لە چالاکانی ئەدەبی و هەڵسوڕی ئەو شارە دەسبەسەرکران. جێی بیرهێنانەوەیە کە سیروس عەباسی لە ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵیشدا بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ڕەخنەی لە خامنەیی و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵات گرتبوو دەسبەسەرکرابوو، هەروەها چەندین جار مەئموورەکانی ئیتلاعات بە بێ بەڵگەی یاسایی ویستویانە دەسبەسەری بکەن. جێی‌ ئاماژەیە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی لە دوای خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکە ،لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە و، بەسەدان کەسیان دەسبەسەر کردوە.